شاخەوان عەبدوڵڵا: بەهۆی شەڕەكەی پەرلەمانەوە پۆستەكەم لەدەستدا

رووداو- هەولێر

پەرلەمانتارە دەرنەچووەكەی پارتی بۆ بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، شەڕەكەی پەرلەمان هۆكاری سەرەكی دەرنەچوونی بوو بۆ بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری و دەشڵێت‌ "گوتیان داوای لێبوردن بكە دەنگ پێدەدەین، منیش رازی نەبووم".

لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 28-8-2016 لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، عەبدولعەزیز حەسەن، پەرلەمانتاری یەكێتی لە هەڵبژاردنی پۆستی بڕیاردەی لیژنەكە لە شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی بردەوە، دوای دوو ساڵ مانەوەی ئەو پۆستە لە لایەن پارتی، یەكێتی پۆستەكەی وەرگرت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێشتر لایەنەكانی شیعە و سوننە رێككەوتبوون دەنگ بە من بدەن، بەڵام بەهۆی شەڕەكەی رۆژی 27-8-2016 پەرلەمانی عێراق لایەنەكان نێو لیژنەكە بۆچوونیان گۆڕا و داوایان لە من كرد كە داوای لێبوردن لەو پەرلەمانتارە عەرەبە بكەم، منیش رازی نەبووم".

 شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "پیرۆزباییم لە كاك عەبدولعەزیز حەسەن كرد، داواشم لێكرد لەسەر مافی پێشمەرگە و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە سیستەمی بەرگری عێراق سوور بێت لە پیلان و بەرنامەی هەندێك لایەنی شۆڤینی نێو لیژنەكەش ئاگادارم كردووەتەوە".

لە دانیشتنی رۆژی27-8-2016ی پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان وەڵامەکانی ھۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق رەتکرانەوە، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستەكەی وەرگرتووە، بە هۆیەوە شەڕ لە نێوان هەر یەك لە شاخەوان عەبدوڵڵا و هەیسەم جبووری، سەرۆكی فراكسیۆنی كەفائات دروستبوو، دوای نیو كاژێریش جارێكی دیكە شەڕ لە نێوان ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی و عەواتف نیعمە، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دروستبوو.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە 18 ئەندام پێکهاتووە و 15 ئەندام لە  هەڵبژاردنەکەدا بەشداربوون ئەنجامەکە بەو شێوەیە بووە:

سەرۆکی لیژنە: حاکم زاملی 10 دەنگ، حامد موتلەگ 5 دەنگ. 

جێگری سەرۆكی لیژنە: نایف شەممەری 8 دەنگ،  ئەسکەندەر وتوت 7 دەنگ. 

بڕیاردەری لیژنە: عەبدولعەزیز حەسەن 10 دەنگ، شاخەوان عەبدوڵڵا 4 دەنگ.