لە 24 کاژێردا 17 زیارەتکاری شیعەی ئێرانی بە رووداوی هاتووچۆ لە عێراق گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای واستی عێراق دەڵێت، بەهۆی وەرگەڕان و سووتانی پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی زەرباتییەی نزیک لە قەزای بەدرەی پارێزگاکە حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون. ئەوەش لە ماوەی 24 کاژێردا دەبێتە سێیەم رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی واست و زیقار روودەدات.
رۆژی سێشەممە 29-08-2023 عەلی محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای واست لەبارەی ئەو رووداوی هاتووچۆیەی ئەمڕۆ لە پارێزگاکە روویدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە نزیک دەروازەی زەرباتییەی نزیک قەزای بەدرە وەرگەڕا و لە ئەنجامی وەرگەڕانەکەشدا سووتا؛ ئەو زیارەتکارانە سەرجەمیان ئێرانی بوون و نووستبوون. حەوت کەسیان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای واست گوتیشی، "بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و بەهۆی سووتانی جەستەیانەوە دۆخی تەندروستیی بەشێکیان جێگیر نییە."
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 عەمید مەیسەم جبووری، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێکدا لە رێگەی نێوان ناسریە و موسەننا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون؛ لە ئەنجامدا حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەش بریندار بوون."
ریاز عگێلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای واست رۆژی دووشەممە 28-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە رێگەی قەزای عەزیزییە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە پێنج زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە هاتنی زیارەتکارەکان لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە 27-08-2023 سالار تەحسین، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا سەروو 14 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون. تەنیا رۆژی شەممە 26-08-2023 بە زیارەتکار و ئەوانەی بۆ مەبەستی دیکە هاتووچۆیان لەو دەروازەیەوە کردووە، نزیکەی 6000 کەس بوون."
حوسێن کوڕی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە (د.خ). ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عێراق دەکەن.