بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: ئەوانەی بایۆمەترییان کردووە، ناتوانن بە کارتی کۆن دەنگبدەن


رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی تەکنیکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوانەی بایۆمەتریان کردووە و کارتی نوێی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە ناتوانن بە کارتە کۆنەکە دەنگ بدەن، بەڵام ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردووە بە کارتە کۆنەکە دەتوانن دەنگ بدەن، داوا لە دەنگدەرانی پارێزگاکەش دەکات سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و ئاماژە بەوەش دەدات تاوەکو ئێستا نزیکەی 89٪ی کارتەکانیان دابەشکردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-09-2021، بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی تەکنیکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئەبخێزر پێشکەشی دەکات، سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان، رایگەیاند: "وەکو ئۆفیسی پارێزگای هەولێر بەردەوامین لە دابەشکردنی کارت بەسەر دەنگدەران، داوا لە دەنگدەران دەکەین ئێستا بنکەکانمان کراوەن بۆ وەرگرتنەوە کارتی دەنگدان، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 89٪ی کارتەکانی دەنگدان دابەشکراون".
 
سەبارەت بە کارتی کۆن و نوێ و مافی دەنگدان لە رێگەی ئەو دوو کارتەوە، بۆتان شێرکۆ دەڵێت: ئەگەر کارتی کۆنی نەبێت دەبێت بەڵێننامەیەک پڕ بکاتەوە کە کارتەکەی ون کردووە، چونکە کاتێک کارتی نوێی بۆ دەردەکرێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارتە کۆنەکەی لەکار دەکەوێت، ئەوانەی بایۆمەترییان کردووە دەبێت بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە، چونکە بە کارتە کۆنەکە ناتوانێت دەنگ بدات. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی بایۆمەتریان نەکردووە دەتوانن بە کارتە کۆنەکە دەنگ بدەن.
 
لەبارەی دوایین وادە بۆ دابەشکرنی کارتی دەنگدان بەرپرسی تەکنیکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام ماوەیەکی کەمی ماوە رەنگە 3ی 10 یان 5ی 10 دوایین وادە بێت بۆ دابەشكردنی کارتەکانی دەنگدان، کەی لە نووسینگەی نیشتمانییەوە ئاگادار کراینەوە، ئێمە دوایین وادە بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدان ئاشکرا دەکەین و رایدەگەیێنین، ئەو کارتانەشی کە دابەشنەکراون، کەی نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا ئاگاداری کردینەوە، ئێمە ئەو کارتانە لە بنکەکانی دەکشێنینەوە بۆ کۆگاکانمان، لە کۆگاکانیشمانەوە دەچێتەوە کۆگاکانی نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا".
 
بە گوتەی بۆتان شێرکۆ تیمی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ دابەشکردنی "کارتی دەنگدانی ئاوارەکان کە لەنێو کەمپەکاندا نیشتەجێن، بە هەموو توانایەکمانەوە لەو ماوەیەی لەبەردەستماندایە کارتی دەنگدان بگەیێنینە دەستی دەنگدەران".
 
سەبارەت بە رێکارە نوێیەکانی بۆ ئەو هەڵبژاردنە، بۆتان شێرکۆ دەڵێت: "لەم هەڵبژاردنە دەنگدەر بۆی نییە مۆبایل بباتە ژوورەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک رێکاری دیکە کە لە رۆژی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان لەلایەن کارمەندەکانمانەوە دەنگدەرانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە".
 
لەبارەی بوونی سەرپێچی لە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەرپرسی تەکنیکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوە دەدات تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر "سەرپێچییەکی وا زەق نەکراوە ببێتە هۆکاری ئەوەی حیزبێک یان بەربژێرێک سکاڵا تۆمار بکات، لەگەڵ ئەوەش هەندێ سەرپێچی بچووک هەن کە نابێتە هۆی ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت، بە شێوەیەکی گشتی لە هەولێر پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت".