سەرۆککۆماری عێراق بۆ رووداو: رووداوەکەى حەمدانیە کارەساتێکى گەورەیە بۆ هەموو عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە هێلیکۆپتەرێکی تایبەت لە بەغداوە گەیشتە حەمدانیە و لەگەڵ گەیشتنی، بە رووداوی راگەیاند، "هاتووین هاوسۆزیی خۆمان پێشانبدەین." سەرۆکۆمارى عێراق لە پرسەی قوربانییاندا گوتی، رووداوەکەى حەمدانیە کارەساتێکى گەورەیە بۆ هەموو عێراق و لە دەرەوە دەنگدانەوەى هەبووە.
رۆژی 29ى ئەیلوولى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق سەردانى قەزاى حەمدانیەى لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا کرد بەمەبەستى ئاگاداربوون لە دۆخى قوربانیانى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى ئەو قەزایە، کە بە هۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 200 کەسیش بریندارن.
لەتیف رەشید کە بە یاوەری شاندێکی باڵا لە بەرپرسانی عێراقی بە هێلیکۆپتەر گەیشتە فڕۆکەخانەی سەربازیی قەزای حەمدانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هاتووین، لەدوای ئەم کارەساتە گەورەیە کە بە سەر خەڵکی حەمدانیەدا هاتووە، ئەمە کارەساتێکە بۆ هەموو گەلی عێراق. هاتووین هاوسۆزیی خۆمان پێشانبدەین و داوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ بکەین و ئەو یارمەتییانەی کە پێویستە، هەوڵبدەین بە زوویی بۆیان جێبەجێ بکەین."
سەرۆککۆماری عێراق لە حەمدانیە سەردانی کەنیسەی مار بەهنام و سارەی کرد و چەند گوتەیەکی هاوسۆزیی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "سەردانەکەمان بەبۆنەى ئەم کارەساتە گەورەیەوەیە، ئەو کارەساتە تەنیا بۆ ئێوە گەورە نەبووە، بەڵکو بۆ هەموو عێراق کارەساتێکى گەورەیە، هەموو گەلى عێراق هاوسۆزتانە، ئەم رووداوە کەم نییە لە دەرەوەش دەنگدانەوەى هەبووە".
شەوی 26-09-2023 ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی قەزای حەمدانییە کەوتەوە. سەرچاوەی ئاگرەکەش دەگوترێت بەهۆی گڕدانی یاریی ئاگرین بوو لە نێو هۆڵەکەدا.
لەتیف رەشید گوتى: "پێویستە باشترین چارەسەر پێشکێش بە بریندارانى رووداوەکە بکرێت و ئەگەر دەرفەتم هەبێت هەوڵدەدەم بۆ پێشوازیکردن یان سەردانیکردنى هەر خێزانێک لە خێزانى شەهیدانى رووداوەکە."
هەر دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیارە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە ماوەی 72 کاژێر رابگەیێندرێت.