رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر رایگەیاند، بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردن مەترسیى بۆ هەندێک کەس دروست کردووە و بوونى چەک و بارەگاى گرووپە چەکدارەکان لە هەموو کۆڵانێک ئەگەرى تەقینەوەى هەیە و بە نەیارانى دەڵێت: "پارە و درۆنەکانتان فریاتان ناکەون."
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاندووە، ئەوە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانە لە عێراق کە رەوتەکەی بەشداری تێدا ناکات و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەلایەن ئەوانەی لەو هەڵبژاردنە بەشدارن و پێشبینی و سیناریۆ چاوەڕوانکراویش لەگەڵیدا زیادکردووە.
بەگوتەی موقتەدا سەدر، لەو سیناریۆ و پێشبینییانە ئەوە بووە، رەوتی نیشتمانیى شیعە بەهێز رێگریی دەکات لەوەی دەنگدەران بگەنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان یان ئاژاوە دەنێتەوە بۆ ئەوەی کەشی هەڵبژاردن تێکبچێت یان خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات لەدژی.
موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە پێچەوانە بووایە ئەوان دەیانکرد و لەوە خراپتریشیان دەکرد، هەندێکیان هیوادەخوازن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا نەکرێت، لەبەر ئەوەی لە ئەنجامەکانی دڵنیا نین، کە ئەگەر هەیە لە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت یان بۆ ئەوەی بێت کە ئەو دەستکەوتانەى بەدەستهێناوە وەک خۆیان بمێنێتەوە، وەک ئەوەی کە ئەوان گرنگتر بن لە پرۆسەی دیموکراسی."
11ی تشرینی دووەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاریداوە بەشداری تێدا نەکات.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت: "ئەوە سەیرە هێشتا تیرەکانیان ئاراستەی رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، سەرەڕای ئەوەی دەستبەردارى پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بووە، کە دۆڕاوەکان تێیدا بەرز دەبنەوە و گەندەڵکاران هەژموونى دەکەن و ئەوانە لێی دوور دەکەونەوە کە یاسای ئاسایشی خۆراک و بەتاوانناساندنیان دەرکرد."
ساڵی 2022 لەسەر پێشنیاری موقتەدا سەدر یاسای بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پەسند کرا. هەمان ساڵ کە رەوتەکە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوە بوو، یاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراک پەسند کرا، کە ئەو کات جێگرەوەی یاسای بودجە بوو.
موقتەدا سەدر پێشبینی دەکات کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن، پەرەسەندنی ئاڵۆزی زیاتر بێت لەلایەن ئەوانەی بە "عاشقی دەسەڵات و کورسی ویست" ناویان دەبات.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە پەیامێک ئاراستەی نەیارانی دەکات و دەڵێت: "پارە و درۆنەکانتان فریاتان ناکەون."
ئەو هۆشدارییەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە بوو کە عەلی فازڵ، رۆژنامەڤانیى عێراقی زانیارییەکی بڵاوکردەوە، گوایە لە رێگەی درۆنەوە هەوڵی کوشتنی موقتەدا سەدر دەدرێت کاتێک سەردانی مەزاری باوکی دەکات لە نەجەف.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دزەکردنانە نابنە هۆی ئاژاوەگێڕی و دەڵێت: "پێویستە ئەوەتان لەبەرچاو بێت کە چی بەسەر خۆشەویستمانمان لە لوبنان و هاوڕێى پێشووتان لە سووریا و ئەوەش کە لە یەمەن و تەنانەت لە ئێران روویدا، کە بەهۆی جەنگی 12 رۆژەوە کەمێک زەرەرمەند بوو، لە کاتێکدا ئەگەر هەیە عێراق تەنیا لە 12 کاژێردا زەرەرمەند بێت."
لە ساڵی 2022ـەوە رەوتەکەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان کشایەوە و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کردووە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023ـی نەکرد.
بەر لە بایکۆتکردنى ھەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق موقتەدا سەدر چەند پێشمەرجێکى راگەیاند، کە سەرەکیترینیان ئەوە بوو چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت نەک گرووپە چەکدارەکان.
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە کە چەکى خێڵ لەلایەک و چەکى گرووپە چەکدارەکان لەلایەکى دیکەوە و بوونى بارەگاى گرووپە چەکدارەکانیش کە بەبێ سوود لە هەموو کۆمەڵانێک ئەگەرى تەقینەوەى هەیە، کە تەنیا خوێنى عێراقى تێیدا زەرەرمەند دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ