دادگەی فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە مووچەخۆرانی کوردستان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 29-10-2023 بۆ تاتوێکردنی پێنج سکاڵا کۆببێتەوە، سێ لەو سکاڵایانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، یەکێک لەو سکاڵایانە لەلایەن سەرۆکی حیزبێکی عێراقی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
یەکەم حیزبی عێراقی داوای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکات
سکاڵای ژمارە 227ی فیدراڵیی 2023 لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقییەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کراوە.
سکاڵاکار داوایکردووە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، بدات و حکومەتی فیدراڵی پابەند بکات بە پابەندبوون بە وادەی پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا، هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
رۆژی یەکشەممە 29-10-2023 مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ پشتیوان بە خودا لە دادگە ئامادە دەبین، هەموو بەڵگەنامەکان پێشکێش دەکەم و دەمەوێت دادگە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق پابەند بکات، ئەوە مافێکی فەرمانبەرانی کوردستانە."
مەحموود عگێلی گوتیشی، "حیزبەکەی من حیزبی هەموو عێراقییەکان، بە کورد و عەرەب و تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەیە، ئێمە هەستدەکەین لەپشتی بابەتی مووچەی فەرمانبەران و نەدانیەوە ئامانجی دیکە هەیە، بۆیە نابێت ئەوە بمێنێت، بۆیە ناکرێت گێچەڵ بە مووچە و رۆزیی خەڵکەوە بکرێت و ببڕدرێت، ئەوە پێشێلکاریی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و دەستووریشە."
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵە و لە ساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە، کار دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون، کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت، وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە.
سێ فەرمانبەری کوردستان سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق و کوردستان تۆمار دەکەن
سکاڵای دووەم، کە بڕیارە دادگەی فیدڕاڵی ئەمڕۆ تاوتوێی بکات، لەلایەن سێ فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و داوا دەکەن دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆئەوەی حکومەت شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب بنێرێت، لە داهاتووشدا فەرمانبەرانی کوردستان هاوشێوەی بەغدا لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
سکاڵاکە ژمارە 224ی فیدراڵیی 2023ی هەیە، سکاڵاکان داوایان لە دادگەکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023، ئەو کێشەیەی کەوتووەتە نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە کە بووەتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتیی ژمارە 13ی ساڵی 2023 و پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
شەوی دووشەممە 16-10-2023، بەکر حەمەسدیق، پارێزەری کەیسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سکاڵاکە بۆ ئەوەیە چیدیکە مووچە تێکەڵ بە ناکۆکییەکان نەکرێت، لە سکاڵاکەدا داوا کراوە، پەلە بکرێت لە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووەکان، بەشەکەی دیکەشی بۆ ئەوەیە هەردوو حکومەت پابەند بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆران هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، واتە داوانەکراوە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق."
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
رۆژی دووشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2023 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، نزیکەی 100 واژۆیان لە پەرلەمانی عێراق کۆکردووەتەوە و رەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان وەرگرتووە و داواکارییەکەیان رەوانەی حکومەت کراوە، بۆئەوەی "بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان لە خەرجیی کردەیی جیا بکرێتەوە و هاوشێوەی شارەکانی دیکە بخرێتە سەر خەرجیی سیادی."
وەهاب هەڵەبجەیی سکاڵای کردووە
یەکێکی دیکە لەو سکاڵایانەی بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق تاوتوێی بکات، سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانییە، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردووە.
لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆری پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوورى بزانێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی داواشی کردووە، هەموو ئەو بڕیارانەی دادگە کە لە دژی ئەو تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بە "هەڵوەشاوە و نەبوو" هەژماربکات.
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا، لە مادەى 17دا ئاماژە بەوە دراوە بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقییەوە.
لە ساڵى 2018 پەرلەمان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکردووە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات، کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
17ى تشرینى یەکەمى 2023 وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەگەر ئەو تانەیە پەسند بکرێت، سەرجەم ئەو بڕیارانەى کە لە ساڵى 2018 بەدواوە لە دادگەکان بەگوێرەى یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر دەرکراون، هەڵدەوەشێندرێنەوە."
وەعدى مزوورى پێشبینیی کرد، کە دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەو تانەیە رەتبکاتەوە و گوتیشی، "ئەو یاسایە مافى یاسادانانى پەرلەمانى کوردستانە و یاسایەک نییە کە عێراقى بووبێت و پەرلەمان هەموارى کردبێتەوە تاوەکو هەموارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە."
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهابە هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.