وەزیری پلاندانانی عێراق: وڵاتەکەمان لە 5 زەرەرمەندترین وڵاتەکانە لەکاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێت، عێراق یەکێکە لە پێنج زەرەرمەندترین وڵاتانی جیهان لە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە زیادبوون و گەشەکردنێکی زۆر و بەردەوام لە ژمارەی دانیشتوان هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، محەممەد عەلی تەمیمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسی"دەستپێشخەریی عێراق و گۆڕانکاریی کەشوهەوا" کە نێردەی یەکێتیی ئەوروپا رێکیخستبوو، تیشکی خستە سەر ژمارەیەک پرس و رایگەیاند، "بەردەوامین لە داڕشتنی سیاسەتەکان و ئەو بڕیارانەی کە دەکرێت ببنە هۆکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی".
وەزیری پلاندانانی عێراق گوتی، "کۆمەڵێک هەنگاو لە سەرجەم کەرتەکان گیراونەتەبەر بۆ گەرەنتیکردنی بەدیهێنانی گەشەپێدان، گەشەکردنی ئابووری و گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو و وەرچەرخان بەرەو بەکارهێنانی وزەی نوێ و نوێبووەوە".
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، 70٪ـی دانیشتوانی عێراق لە شارەکان دەژین و گوندنشینەکان تەنیا 30٪ پێکدەهێنن؛ ئاماژەی بەوەشکرد،" پلان و پێوەرمان بۆ لێهاتوویی لە وزە و دروستکردنی شارە گەشەکردووەکان داڕشتووە".
لەبارەی ئەو شارە نیشتەجێبوونانەش، محەممەد عەلی تەمیمی گوتی، "ئەو شارە نیشتەجێبوونانە رەچاوی پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانیان دەکەن" و ئەوەشی گوت کە پلانێکیان داڕشتووە بۆ کەمکردنەوەی دەردانە گەرمکەرەکان و دەیانەوێت لە رێگەی بەکارهێنانی باشترینەوە بۆ گازی هاوەڵ و کەمکردنەوەی رێژەی سووتا لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکان، زۆرترین سوود لە وزەی عێراق وەربگرن.
وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی لەبەردەم قۆناخێکی نوێدایە کە دەرفەتی گەشەکردنی گرنگی لەپێشە و پشت بە چاکسازیی ئابووری و بەدیهینانی گەشەپێدان بەپێی کارنامەی حکومەت دەبەستێت.