یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد. لەکۆی  292 پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون.

رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە، بەشێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدارن. پەرلەمانتارانی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت: "بەربژێری پارتی شاخەوان عەبدوڵڵایە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان." 
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "بەپێی یاسا پێویستە ئەمڕۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت."
 
سێ کەس خۆیان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە
 
- هەیبەت حەلبووسی
- سالم عیساوی
- عامر عەبدولجەبار
 
پێش دەنگدان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، موسەننا سامەڕایی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم کشایەوە لە بەرژەوەندیی هەیبەت حەلبووسی (تەقەدووم).
 
پێش دانیشتنەکە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە جیا لە کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا و بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەدان، ''بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دەنگ بە کامە بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدەن.''
 
دانەر عەبدولغەفار سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گوتی، ''تاوەکو ئێستا بەداخەوە هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوانمان نییە، بەڵام لەوانەیە لەم کۆبوونەوەیەدا بەرچاومان روونتر بێ، چونکە دروستکردنی ئەو هاوئاهەنگییە زۆر پێویستە.''