چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەبێ سوودانی نەخشەڕێگەی دانانی پارێزگارەکان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و باسی پرسی پێشهاتەکانی سیاسی و ئەمنی و پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکانی کرد. بەپێی زانیارییەکان، دابەشکردنی پۆستی پارێزگارەکان لەنێو هێزەکانی هاوپەیمانێتییەکە تەوەرێکی دیاری کۆبوونەوەکە بووە، سەرکردەیەکی ئەو هاوپەیمانێتییەش دەڵێت، "ئامادەنەبوونی سەرۆکوەزیران بابەتێکی ئاساییە و پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێو چوارچێوەکەوە نییە."
 
شەوی رابردوو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو.
 
چوارچێوەکە "بە پێویستی زانیوە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان یەکلایی بکرێتەوە لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان."
 
لەبارەی ئامادەنەبوونی سوودانی؛ د. سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات و یەکێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاساییە، پەیوەندیی بە ناکۆکییەوە نییە وەکو هەندێک [میدیا و لایەن] باسی دەکەن."
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، باسی کارەکانی حکومەت و وردەکاریی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکان نەکراوە، بەڵام وەکو ئەو گوتی، "چوارچێوە دەیەوێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان، ئەو دابەشکارییەشی بڵاودەبێتەوە دروست نییە، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی ماویەتی."
 
بەپێی سەرچاوەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەنێو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، نیمچە رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی پۆستی پارێزگارەکان هەیە، بە شێوەیەک کە پۆستی پارێزگاری چوار پارێزگا بۆ هاوپەیمانیی نەبنی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سێ پارێزگار بۆ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، دوو پارێزگاریش بۆ هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بێت، پارێزگارەکانی بەسرە، نەجەف، کەربەلاش ماونەتەوە و هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەوە نەکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پارێزگارەکانی پارێزگاکانی بابل، زیقار، دیوانیە و میسان یان دیالە بەر هاوپەیمانیی نەبنی دەکەون، پارێزگارەکانی بەغدا، واست و موسەنا لە پشکی دەوڵەتی یاسا دەبن، هێزەکانی دەوڵەتیش پۆستی پارێزگارەکانی نەجەف، دیالە یان میسان وەردەگرن.
 
رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەچوو، رۆژی 21ی کانوونى دووەمی 2024 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق، دەبێت لە 15 رۆژدا دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامى کۆدەبێتەوە.