ترەمپ جگە لە پیرۆزبایی، عەلی زەیدی بانگهێشتی کۆشکی سپی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کرد و بە فەرمی بانگهێشتی واشنتنی کرد؛ هاوکات ترەمپ دەستپێکی "وەرزێکی نوێی مەزن"ی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ئاشکرای کرد کە عەلی فالح زەیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشتووە. لەو گفتوگۆیەدا، ترەمپ وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، داوای لە زەیدی کردووە دوای تەواوبوونی کارەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەردانی کۆشکی سپی بکات.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە هاوکاریی دووقۆڵی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام دەبێت.
 
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکەم بۆ بەربژێرکردنی وەکو سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق!". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیوای سەرکەوتن بۆ حکومەتە نوێیەکەی عێراق دەخوازێت تاوەکو داهاتوویەکی گەشتر و بەدوور لە تیرۆر دابین بکات.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان داوە و رایگەیاندووە: "ئەمە سەرەتای وەرزێکی نوێی مەزنە لە نێوان نەتەوەکانمان. خۆشگوزەرانی، سەقامگیری و سەرکەوتنێک کە پێشتر وێنەی نەبووە".