وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: سەرژمێریی دانیشتووان بۆ مانگی 10ـی 2024 دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڕیاری دا سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بۆ ساڵى 2024 دوابخات، لەکاتێکدا بڕیار بوو کۆتایی ئەمساڵ بکرێت. گوتەبێژى ئەو وەزارەتە هۆکارى ئەو بڕیارە دەگەڕێنێتەوە بۆ دواکەوتنى پەسندکردنى بودجە.
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ وەزارەتەکەى بڕیاریداوە، سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ مانگى تشرینى یەکەمى 2024 دوابخات.
عەبدولزەهرە هنداوى ئاماژەى بەوەدا، هۆکارى دواخستنى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان، دواکەوتنى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتییە، بەو پێیەى سەرژمێرى پێویستى بە پاڵپشتیی داراییە.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە لیژنەى دارایی و بەهۆى ناکۆکى لەبارەى ماددەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەى وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەرى دیاری بکات.
دوایین سەرژمێریى دانیشتووان لەساڵى 1997 لە عێراق کراوە، بەڵام پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە.
دواخستنى وادەى سەرژمێریی گشتیى دانیشتووان لەکاتێکدایە، بڕیار بوو ئەو سەرژمێرییە لە مانگى تشرینى یەکەمى 2023 بکرێت.