وەزیرەکەی سەدر بۆ خۆپێشاندەران: دووبارە مەچنە نێو باڵیۆزخانەی سوێدەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ساڵح محەممەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر دەناسرێت داوا لە خۆپێشاندەران و لایەنگرانی رەوتی سەدر دەکات لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ نەچنە نێو باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و دەڵێت، "دووبارەکردنەوەی چوونە نێو باڵیۆزخانەکە پێویست نییە." لیژنەی ناوەندیی رێکخستنی خۆپێشاندانەکەش حەوت رێنوێنی وەکو بەشی یەکەمی خۆپێشاندانەکە بڵاوکردەوە. 
 
شەوی پێنجشەممە 29-6-2023، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە "وەزیرەکەی سەدر" لەبارەی ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە کاردانەوەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد بانگەوازی بۆ کردووە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. 
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "برایەک بڵاویکردووەتەوە و نووسیویەتی بەڵێ بەڵی بۆ قورئان، بەیانی ملیۆنییە و بۆ هەموو موسڵمانانی عێراقە، کۆمێنتی ساڵح محەممەد عێراقیی وەزیری سەرکردە ئەوەیە پەیامەکەتان لەبارەی چوونەژوورەوەی خۆڕسکانە گەیشت، پێویست بە دووبارەکردنەوەی ناکات."
 
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی سەرپەرشتیکردنی خۆپێشاندانەکەی رەوتی سەدر و لایەنگرانی لە دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز رایگەیاند، "بەهۆی زۆریی ژمارەی خۆپێشاندەرەکان ئەوانەی لە پارێزگاکانەوە دێن بڕیاردرا کاتی خۆپێشاندانەکە لە 05:00ـی ئێوارەوە بکرێت و تاوەکو دوای نوێژی مەغریب بێت."
 
هاوکات لیژنەی ناوەندیی سەرپەرشتیاری خۆپێشاندانەکەی سەدرییەکان شەوی پێنجشەممە رێنوێنییەکانی بۆ خۆپێشاندەران راگەیاند کە لە یەکەم بەشیدا حەوت رێنوێنییە و بریتییە لە "قەدەخەکردنی شاردنەوەی دەموچاو لەکاتی خۆپێشاندانەکان. تەنیا سووتاندنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان رێگەپێدراوە نەوەک ئاڵای سوێد. خۆپێشاندانەکە لە تەنیشت شورای باڵیۆزخانە دەبێت و نابێت بچنە نێوی. نابێت ئاڵای گرووپی سەرایا سەلام یان هەر ئاڵا و وێنەیەکی دیکەی نا ناوەندی بەرزبکرێتەوە یان هەر دروشمێکی دیکە کە لەلایەن لیژنەی ناوەندییەوە دانەنرابێت. خۆپێشاندانەکە بۆ هەموو موسڵمانانی عێراقە. خۆپێشاندانەکە لە 05:00ـی ئێوارەوە تاوەکو کاتی نوێژی مەغریب دەبێت و لە نزیک باڵیۆزخانەی سوێد دەبێت. هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لیژنەی رێکخەر هەبێت بۆ گەیشتن بە شوێنی خۆپێشاندانەکە."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە تویتێکدا داوای کرد خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی گەورە" لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق بکرێت کە تێیدا داوا بکرێت باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت.
 
سەدر، سوێد بە "دەوڵەتێکی دوژمن بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و پشتیوانی خراپەکاری" ناودەبات و داوا دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بپچڕێندرێت.
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
 
هەڵوێستەکەی سەلوان، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەڵێنیشیان داوە ئەمڕۆ هەینی لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی بکەن.