سیستانی بۆ گۆتێرێز: سووتاندنی قورئان دەرفەت بۆ تووندڕۆیی دروستدەکات


رووداو دیجیتاڵ 

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن گەنجێکی عێراقییەوە لە سوێد، پەیامێکی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان نارد. 
 
سیستانی لە پەیامەکەیدا بۆ گۆتێرێز دەڵێت: "ئەو رەفتارە شەرمەزارییە، دەستدرێژییەکی روونە لە دژی پیرۆزییەکانی دوو ملیار موسڵمان لە جیهان و ژینگەیەکی لەبار بۆ بڵاوکردنەوەی بیری تووندڕۆیی و رەفتاری هەڵە دەڕەخسێنێت." 
 
مەرجەعی باڵای شیعەکان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەنگاو بۆ رێگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە بنێت. 
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
 
دەقی پەیامەکەی عەلی سیستانی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز 
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان
 
رێز و سڵاو
 
دوای ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوکردەوە کەسێک لە شانشینی سوێد دەستدرێژی کردووەتە سەر کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و سووتاندنی بەشێک لە پەڕەکانی بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
 
پێشتر چەندجارێک هاوشێوەی ئەو رەفتارە قێزەونە لە وڵاتانی جیاواز لەم چەند ساڵەی دوایی کراوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە ئەمجارە بە مۆڵەتدانی فەرمیی پۆلیسی سوێد ئەو کارە کراوە بە پاساوی پێویستییەکانی رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین. بەڵام ئەوەی دڵنیاین لێی ئەوەیە؛ رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین بەهیچ شێوەیەک پاساو نییە بۆ پێدانی مۆڵەت بەو جۆرە رەفتارە شەرمەزارییە کە دەستدرێژییەکی روونە لەسەر پیرۆزییەکانی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان لە جیهاندا و دەبێتە هۆی رەخساندنی ژینگەی لەبار بۆ بڵاوبوونەوەی بیری تووندڕۆیی و رەفتارە هەڵەکان.
 
مەرجەعیەتی باڵای ئایینی سەرکۆنەی رووداوەکە دەکات و داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رەفتارانە و هاندانی وڵاتان بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بەو یاسایانەی رێگە بە روودانی ئەو رووداوانە دەدەن، داواش دەکات کە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم ئایین و پرۆگرامە هزرییەکان دەدات کە لەسەر چاودێریکردنی مافەکان و رێزگرتنی یەکتر لەنێوان هەمووان بەند بێت.
 
نەجەفی پیرۆز 29-6-2023ـی زایینی، بەرامبەر بە 10-12-1444 کۆچی