وەزیری دەرەوەی کوێت سەردانی عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی عێراق دەکات و ژمارەیەک کۆبوونەوەی فەرمیی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەبێت و باسی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023، وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەبارەی سەردانەکەی شێخ سالم عەبدوڵلا جابر ئالسوباح، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، وەزیری دەرەوە کوێتی بەرەوە بەغدای پایتەختی عێراق بەجێهێشت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی کوێت لەگەڵ عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عیراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی کوێت، وەک لە راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێدراوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسییەکان لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و باسکردنی چەند پرسێکی گرنگ و دۆسیەی تایبەتی جێ بایەخی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دۆست دەبێت."
 
عێراق و کوێت جگە لە پرسی سنوور، کێشەی دیکەشینا لەوانە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوانیان.