وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەش بڕیاری لەبارەی هێرشکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەش بڕیاری تایبەت بە هێرشکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ دەکرد و دەڵێت، "نابێت کارمەندان و ئەفسەرانی هاتووچۆ دەستبەرداری مافی کەسییان بن."
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەلایەن دوو ژنەوە لە ناوچەی حارسییەی بەغدا هێرشکرایە سەر ئەفسەرێکی هاتووچۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-7-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق شەش بڕیاری تایبەتی لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ دەرکرد کە پێکدێن لە:
1- کارکردن بە مادەی 102ـی یاسای رێوشوینه سزاییەکان، کە رێگە بە کارمەندی هاتووچۆ دەدات ئەو کەسانە دەستگیر بکات هێرش دەکەنەسەری و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان دەکات، چونکە ئەو جۆرە دەستدرێژییە لەو تاوانانەن دەسەلمێندرێن و ئەفسەرانی هاتووچۆ دەتوانن هێرشبەرەکان دەستگیربکەن.
2- کارکردن بە مافی رەوای بەرگریکردن، بە پشتبەستن بە مادەی 2012ـێ یاسای مەدەنی.
3- هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ کەمتەرخەمینەکردن بەرامبەر رووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ و هێزە ئەمنییەکان بەگشتی و جێبەجێکردنی مادەکانی 229،230ـی یاسای سزای عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969.
4- نابێت ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆ دەستبەرداری مافە کەسییەکانیان بن لەکاتی دەستدرێژیکردنە سەریان، چونکە ئەو دەستدرێژییە تەنیا لەسەر هاتووچۆ نییە، بەڵکو دەستدرێژییە لەسەر شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی و ئەوەش رێگەپێدراو نییە.
5- دەبێت پۆلیسی فریاکەوتن رۆڵی خۆی بگێڕێت لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر کارمەندانی هاتووچۆ و پێویستە دەستدرێژیکاران دەستگیر بکات، ئەگەر بینران دەستدرێژییەکە دەکەن.
6- پێکهێنانی یەکەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس بەناوی یەکەی ئەرکە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و پێویست دەکات هەموو کەرەستە پێویستییەکانیشیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەبەردەست بێت.
شەوی 27ـی ئەم مانگە لەناوچەی حارسییەی بەغدا دوو ژن هێرشیان کردە سەر ئەفسەرێکی هاتووچۆ. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، ئەو ژنانە جگە لە هێرشکردنە سەر ئەو ئەفسەرە، قسەشی پێدەڵێن و دواتر گرتەڤیدیۆیەکە کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆری لەبارەوەکرا.