کەنەدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات عێراق جێبهێڵن


رووداو-هەولێر

کەنەدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات کە بە بەکارهێنانی گەشتی ئاسمانیی بارزگانی، عێراق جێبهێڵن.
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئابی 2022، باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا لە تویتێکدا رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی دژوار لەنێوان "خۆپیشاندەران و میلیشیا و هێزە ئەمنییەکاندا، ئەگەر لە عێراق بیت و رێگەتان پێبدرێت، لەڕێگەی گەشتی ئاسمانیی بازرگانییەوە وڵاتەکە جێبهێڵن". دەشڵێت، ئەگەر پێتان بکرێت، ئەوە بکەن بۆ ئێوە سەلامەتترە. 
 
هاوکات هێڵێکی گەرمیان بۆ ئەو "کەنەدییانەی پێویستییان بە هاوکاری هەیە" داناوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا بکەن.
 
پێشتریش گریگۆری گالیگن، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق نیگەرانیی وڵاتەکەی لە پێکدادانەکانی عێراق راگەیاند و گوتی کە دۆخەکە "زۆر مەترسیدارە و لەوانەیە بەخێرایی لە کۆنترۆڵ دەرچێت". هەروەها گوتیشی، کەنەدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هەنگاوبنێن بۆ ئەوەی بەخێرایی دۆخەکە دامرکێننەوە و ناکۆکیی نێوانیان لەڕێگەی دانوستاندن و لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان چارەسەر بکەن.
 
پێش ئەوەش هەریەک لە کوێت و تورکیا داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد بۆ ئەوەی "هەرچی زووە" عێراق جێبهێڵن و داواشیان لەوانە کرد کە بەنیازن سەردانی عێراق بکەن، گەشتەکانیان هەڵبوەشێننەوە. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراق، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێ تاوەکو ئەمڕۆی بەغدا و چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، لانیکەم 25 کەس کوژراون و 380 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
 
گرژییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دوای ئەوە هات رۆژی دووشەممە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر وازهێنانی لە کاری سیاسی راگەیاند.