سەرۆکی ئەسقوفەکانی موسڵ: لێپرسینەوە لەسەرجەم بەرپرسانی رووداوەکەی حەمدانیە نەکرێت مانگرتن رادەگەیەنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ دەڵێت، ئەگەر حکومەت لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەوانە نەکات کە پەیوەندییان بە رووداوەکەی حەمدانیەوە هەیە و سزای هەموو کەمتەرخەمەکان نەدات، مانگرتن رادەگەیەنن؛ دەشڵێت، "چۆن دەکرێت پارێزگایەک چوار ملیۆن دانیشتووی بێت، سەرجەم قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکانی 800 قەرەوێڵە بێت."
رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم هەڤپەیڤینەی لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی زەماوەندەکانی حەمدانیەی لەگەڵ مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ کردووە.
سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەکەمان گەندەڵییە، رۆژ لە دوای رۆژ ئەنجامەکانی ئەوە دەزانین کە گەندەڵی بە کوێمان دەگەیەنێت و چیمان لێ دەکات، ئەو هۆڵە ئەنجامێک بوو لە ئەنجامەکانی گەندەڵی، گەندەڵیی دیکەشی نیشاندا، گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دیکە، بە نموونە لاوازی لە بەرگری شارستانی و تەندروستی و شوێنی دیکە، بۆیە ناکرێت ئەم بابەتە لە شوێنێکدا یان لە بابەتێکدا قەتیس بکرێت."
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی موسڵ
رووداو: دوایین ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە چییە؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: بەپێی ئەوەی گوێمان لێ بووە، دوایین ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئەوەیە گوایە راگەیاندنی بۆ یەک دوو رۆژێک دوادەکەوێت بۆ ئەوەی پەسندبکرێت. چاوەڕێ دەبین بزانین ئەنجامەکە چی دەبێت.
رووداو: هەوڵە پزیشکییەکان و هاوکارییەکان، چی لە هەرێمی کوردستانەوە بێت یان لە نەینەوا، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: لەراستیدا هەوڵە پزیشکییەکان زۆر باشن؛ هیچ کێشەیەکیان نییە، لە عێراق بەگشتی، باسی یەک ناوچە ناکەم بەتەنیا، چی لە هەولێر یان هەرێمی کوردستان بێت، یان لە ناوەند بێت، کارمەندی پزیشکیی زۆر باشن لە بچووکترین پەرستار و یاریدەدەری پزیشکییەوە تاوەکو پزیشکێک زۆر باشن، بەڵام تواناکان بەردەست نینین، تواناکان مەبەستم لە نەخۆشخانەکان و ئامێرەکان و بابەتەکانی دیکە، بەتایبەت لە ناوەند، رەنگە دۆخی نەخۆشخانەکان لە هەرێمی کوردستان باشتربێت، بەڵام لە ناوەند بەردەست نیین، لە مووسڵ کۆی گشتیی سەرجەم قەرەوێڵەی هەموو نەخۆشخانەکان ناگاتە 800 قەڕەوێڵە، چۆن پاریزگایەک ژمارەی دانیشتوانەکەی چوار ملیۆن کەس بێت، نەخۆشخانەکانی تەنیا 800 قەرەوێڵیان تێدابێت، هیچ نەبێت بە لانی کەمەوە رێژە هەیە، لە هەموو وڵاتانی جیهان بە نموونە دەڵێن ئەگەر ئەو ناوچەیە 10 ملیۆن کەسی تێدا بژیت دەبێت ئەوەندە قەرەوێڵەی تێدا بێت، چونکە دۆخی لەناکاو هەیە، ژەهراوی بوونە، ئەنفلەوەنزایە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و شتی دیکەش، ئەم بابەتە پێوەری جیهانییان هەیە، پارێزگایەک 4 ملیۆن دانیشتوانەکەی بێت بە قەزا و ناحییەکانیەوە 800 قەڕەوێڵەی هەبێت.
ئەوە کارەساتە، لەکاتێکدا ئەو کارمەندە پزیشکییە باشەت هەیە، هەر کاتێکیش رووداوێک یان کارەساتێک هەبێت ئێمە داوا دەکات رۆڵەکانمان بنێرین بۆ دەرەوە ، بچی بۆ دەرەوەیان رەوانە بکەین؟ لە دەرەوە چی زیادە هەیە؟ لە دەرەوە چاودێریی زیاتر هەیە؟ بەڵێ رەنگە، چونکە نەخۆشخانەی خاوێنتر و ئامێری باشتر هەیە، بەڵام باوەڕبکە کارمەندی باشتر نییە، کارمەندە پزیشکییە زۆر باشەکان لەلای ئێمە، کارمەندە پزیشکییەکانمان کە ئێمە بینیمان کاردەکەین کارێکی زۆر باش دەکات، بەڵام ئامێری نییە، ئێستا پزیشکێک دەبینیت کاردەکات، بەڵام ئامێری لەبەردەست نییە لە نەخۆشخانە، بەنموونە ئامێری ئۆکسجین لە نەخۆشخانە نییە، ئێ چی بکات؟ هەرچەندە پزیشکەکە بلیمەت و نەشتەرکارێکی باش بێت، بەڵام ئەگەر ئامێر و کەرەستەی لەبەردەستدا نەبێت چی بکات؟ ئەو جۆرە پزیشکە ئەگەر ئامێری لەبەردەست بێت زۆر باشە.
رووداو: نموونەی پزیشکێکتان لایە؟ ئەو چیکردووە؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: بەڵێ، پزیشکێکە نەشتەرگەریی بۆ بۆریی هەناسە کردووە، چونکە ئەوانەی تووشی سووتان دەبنەوە قوڕگیان ئەستوور دەبێت، دواتر بریندارەکە ناتوانێت بە لووت هەناسەبدات، بۆیە دەبێت قوڕگی کون بکات بۆ ئەوەی هەناسە بدات، یەک پزیشک زیاتر لە 35 نەشتەرگەریی بۆ 35 کەس کرد و قوڕگی لێرەوە کردنەوە، هەر نەشتەرگەرییەک لەنێوان 5 بۆ 10 خوولەکی خایاندووە، واتە ژیانی 35 کەسی رزگارکردووە، ئەو تیوبانەی لێرەوە دەبرێتە ژوورەوە لە نەخۆشخانە تەنیا دوو دانە هەبوون. ئەو پزیشکە چوو لە گیرفانی خۆی کڕی.
رووداو: ناوی چییە ئەو پزیشکە؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: دکتۆر شەعلان لە موسڵ، تەنانەت لە گیرفانی خۆی ئەو کارەی کردووە، گوتی خۆی دەیکڕێت، دوای قسەمان لەگەڵکرد و پێمانگوت یارمەتیت دەدەین، رازی نەبوو، وەکو ئەو کارمەندە پزیشکییەی ئێمە هەمانە، مرۆڤدۆست، بەهێز، زۆر باش، باشە بۆ خزمەتگوزاری و باشترین نەخۆشخانەی بۆ بەردەست ناخەیت، بۆچی باشترین شتیان بۆ دروست ناکەین؟ بۆچی هەر کاتێک رووداوێک دەبێت قوربانییان رەوانەی دەرەوە دەکەین، باشە ئەوە گواستنەوەیان دەوێت و خەرجیی هەیە، ئەمە بۆ؟ با لە وڵاتەکەمان چارەسەریان بکەین، پزیشک و کارمەندمان هەیە و با پێشبکەوین و نەخۆشخانەمان هەبێت.
رووداو: زۆر بەرپرس سەردانیان کردن، یارمەتییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: بەرپرس دێت و قسەی جوان دەکات، هەموویان قسەیان جوان و باشە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دوای ئەو قسانە بڕیار هەبێت، بڕیارێک ژیانی ئەم گەلە بگۆڕێت، ئێمە ئێستا گەیشتووین بە شوێنێک هەموومان دەزانین کێشەکە لە کوێیە. کێشەکەمان گەندەڵییە، رۆژ لە دوای رۆژ ئەنجامەکانی ئەوە دەزانین کە گەندەڵی بە کوێمان دەگەیەنێت و چیمان لێ دەکات، ئەو هۆڵە ئەنجامێک بوو لە ئەنجامەکانی گەندەڵی، گەندەڵیی دیکەشی نیشاندا، گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دیکە، بە نموونە لاوازی لە بەرگری شارستانی و تەندروستی و شوێنی دیکە، بۆیە ناکرێت ئەم بابەتە لە شوێنێکدا یان لە بابەتێکدا قەتیس بکرێت، بەڵکو ئەم بابەتە تەنیا بابەتی رای گشتی نییە، بەڵکو پرسی دەوڵەتە، پێویستە دەوڵەت سەرجەم کێشەکان کە بەهۆی ئەم بابەتەوە هاتووەنەتە بەردەست چارەسەر بکات، لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە لە قەزا و شوێنەکان، لە ئەمبوڵانسەکان، لە نەخۆشخانەکان، لە پێدانی مۆڵەتی کارکردن، لە دەرمان، لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، لە زێدەڕۆیی، واتە تۆ زنجیرەیەک کارت هەیە، ئەوەی روویداوە کەڵەکەبووە و نابێت دەوڵەت لێپرسینەوە لەکەسێک بکات و سزای بدات، ئەمە بەشێکە لە کێشەکە، بەڵام دەبێت پێداچوونەوە بە هەمووی بکات و لێپرسینەوە لەگەڵ هەموواندا بکرێت.
رووداو: ئەگەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەبوو کە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە یان کارەباوە ئەو رووداوە روویداوە، بۆچوونتان چییە؟
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ: با بڵێت یاری ئاگرین یان هەر شتێکی دیکە بووە، بەڵام لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت، زۆر باشە، بەڵام لێرە بوەستیت، نابێت. ئەمە باشە، بەڵام ئەی ئەوانی دیکە، یان دەبێت لێپرسینەوە لە هەمووان بکەیت، ئەوانەی مۆڵەتیان داوە، ئەوەی رازی بوو و رەزامەندیی دا مەرجی سەلامەتیی تێدایە، ئەی گەشتوگوزار، ئەی بەرگریی شارستانی، ئەی کارەبا، بەدڵنیاییەوە دەبێت لێپرسینەوە لە هەمووان بکرێت، یان لێپرسینەوە لەهەمووان دەکرێت یان ماندەگرین، مانبگرین ئێمە بەتەنیا لە ناوچەکانی خۆمان نابێت، بەڵکو داوا دەکەم لە هەموو عێراق بێت، من مافم نییە بڵێم لە هەموو عێراق، بەڵام مادام لەم کارەساتەماندا هەمووان لەگەڵمان بوون و کارەساتی هەموو عێراقییەکان بوو و لێرە لەگەڵمان راوەستان و پرسەیان گەیاند و بە سوپاسەوە لەگەڵمان بوو، ئەمرۆ بۆ پارێزگاری لە ئەوان و لە ئێمە و لە هەموو عێراقییەکان کە بەدەستی گەندەڵییەوە دەناڵێنن هەڵمەتێک دەستپێدەکەین بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و لەگەڵ دەوڵەت دەست لەناو دەست دەبین بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران دەیەوێت دژایەتی گەندەڵی بکات، ئێمە لەگەڵیدا دەبین و لەگەڵی دەوەستین بۆ لێدان لە گەندەڵی و گەندەڵکاران و دەست لەناو دەستی دەبین و پشتیوان بەخوا گەندەڵکاران لەم وڵاتە دەردەپەڕێنین.