دادگەی فیدراڵی وادەی تاوتوێکردنی دوو سکاڵای یەکلایبووەوەی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دیاریکرد

رووداو دیجیتاڵ 

لە دژی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنیی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، دوو هاونیشتمانی سکاڵایان لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکردووە، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت: "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئەلیکترۆنی و دەستیش دەبێت."
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگەکە رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، بۆ تاتوێکردنی دوو سکاڵا کۆببێتەوە، کە لەلایەن دوو هاونیشتمانییەوە لە دژی بڕگەی دووەمی مادەی سێی سیستەمی دەنگدان و هەژمارکردن و جیاکردنەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە یەکی ساڵی 2023ـی کۆمیسیۆن تۆمارکراوە.
 
د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، رێبین شەمامکی، پارێزەری دەزگاکە لە سکاڵاکارانی ئەو دۆسیەیەن.
 
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، د. رەعد رەفعەت، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان، لەبارەی سکاڵاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە سکاڵامان لەسەر ئەو بڕگەیە تۆمارکردووە کە هەژمارکردن و جیارکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئەلیکترۆنی نەبێت و داوامانکردووە بۆ گرەنتیکردنی شەفافیەت بە دەستی هەژمار بکرێت و جیابکرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە سکاڵامان تۆمارکرد ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا پشت بە هەژماکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستیش ببەستێت، بۆیە پێمانوایە ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، چونکە تەنیا پشتبەستن بە جیاکردنەوە و هەژمارکردنی ئەلیکترۆنیی دەنگەکان رێگە بۆ ساختەکاری بە لێشاو دەکاتەوە."
 
ئەو دوو سکاڵایە لەکاتێکدایە، رۆژی 9-10-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە پشت بە هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی و دەستیی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبەسترێت کە مەبەست لێی هاوتاییکردنی ئەنجامەکانە، ئەگەر هاوتا بوون پشت بە ئەنجامی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی ئەلیتکترۆنی دەبەسترێت، ئەگەر هاوتا نەبوون، پشت بە جیاکردنەوە و هەژماکردنی دەنگەکان بەشێوەی دەستی دەبەسترێت.
 
رەعد رەفعەت، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەو دوو سکاڵایەی ئەوان دوای بڕیارەکەی کۆمیسیۆن دەتوانن پووچەڵی بکەنەوە کە ئامانجەکەی بەدی هاتووە، گوتیشی: "دەتوانین خۆمان هەڵیبوەشێنینەوە یان دادگە، چونکە ئیدی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 30-10-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمیسیۆن یەکلاییکردووەتەوە هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە ئەلیکترۆنی و دەستیش دەبێت."
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 03-08-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 641 هەزار و  566 دەنگدەر هەن، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.