حەلبووسی: لە یاسا راناکەم و هەر کاتێک پێویست بکات دەچمە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی عێراق و سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی کە "هەرکاتێک پێویست بکات دەتوانم لە دادگە ئامادە بم.. رێز لە یاسا دەگرم و لە یاسا راناکەم."
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم باسی لەوە کرد، "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم. پێشتر ئەزموونی هاوشێوە هەبوو، هەر کێشەیەکی سیاسیی هەبووایە، ئەو کەسە عێراقی جێدەهێشت و لە دەرەوەی وڵات، دامەزراوەکانی بە ئامانج دەگرت و بەردەوام قسەی لە دژی وڵات دەکرد. هیچ شتێکی شاراوەمان نییە، دڵنیاین لە رێکار و کارەکانمان. خۆم زۆر رێز لە یاسا دەگرم و بەهیچ شێوەیەک یاسا نابەزێنم و پێشێلی ناکەم. باش دەزانم، ئەگەر مافخوراو بیت، دەوڵەت دوای 100 ساڵیش بێت، مافەکەت بۆ دەگەڕێنێتەوە. هەر کەسێک هەڵەیەکی کردبێت، یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکات و هەمیشە بەدوایدا دەگەڕێت. بۆیە من لەناو کەسوکار و گەل و جەماوەرەکەمدا دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، ئامادە دەبم".
سەرۆکی پارتی تەقەدووم ئاماژەی بەوە کرد، "لە بەرامبەر ئێوە رایدەگەیێنم، چوومە بەردەم دادگەی عێراقی. وەک هاووڵاتییەکی عێراقی و سیاسەتڤانێک، پابەندم بەجێبەجێکردنی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە دادگە خاڵی یەکلاییکەرەوە بێت بۆ هەموو پرسێک. لەبارەی چەند سکاڵایەک، لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. لێکۆڵینەوەکان لە چەند کەیسێکی جیاوازدا چەندین کاژێری خایاند. لێرەوە رایدەگەیێنم، بەڵێنمداوە و بەڵێننامەشم پڕکردووەتەوە بۆ ئامادەبوون لە دادگە لەبارەی هەر کەیسێک و سکاڵایەک لە دژی من تۆمار بکرێت. بەڵێنمداوە هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەستبەجێ ئامادە دەبم. دەبێ رێز لە یاسا و دادگە و دادوەران بگرین. هەمیشە کارمانکردووە و هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی دامەزراوەیی کە تێیدا یاسا سەروەر بێت".