ناوخۆی عێراق: دوو بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەرمان لەنێو خاکی سووریادا دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دیمەشق، هێزەکانیان چوونەتە نێو خاکی سووریا و دوو "بازرگانی نێودەوڵەتی"ـی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە بڕێکی زۆر حەشیش بهێننە نێو عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بە هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگریی هاوبەش لەگەڵ لایەنی سووری، یەکەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان، چوونەتە نێو خاکی سووریا و ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون بە "بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر" دادەنرێن و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر 57 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری "حەشیش"ـدا گیراوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکان پلانیان هەبووە ئەو بڕە مادە هۆشبەرە دزە پێبکەنە ناو خاکی عێراقەوە. هاوکات سوپاسی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سووریای کردووە بۆ هاوکاریکردن لە سەرخستنی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا.
دەستگیرکردنی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق رووی لە زیادبوون کردووە؛ بەگوێرەی ئاماری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان 284 بازرگانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی مادەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە.