سوودانی: لە ساڵی نوێدا پابەندیی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرانسەری وڵات.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامەکەی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ لە هەموو پێکهاتەکان دەکات و دەڵێت: "هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵی بەردەوامبوونی کاری دڵسۆزانە لەپێناو خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی گەلەکەمان."
سوودانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "لە ساڵی نوێدا پابەندیی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان لە هەموو شوێنێک و بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە."
سەرۆکوەزیران ئامانجی حکومەتەکەی بۆ دابینکردنی خواستەکانی هاووڵاتییان و "دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەمووان" دووپات دەکاتەوە و بە "پەیامی نەگۆڕ" ناوی دەبات.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: "خودا میزۆپۆتامیا و گەلەکەی و بەها بەرزەکانی بپارێزێت؛ هەموو ساڵێک عێراق لە خێر و سەرفرازیدا بێت."