بۆچی کورد لە حەلەب بە "بۆیاخچی" تووڕە دەبن؟
رووداو دیجیتاڵ
"بۆیاخچی" ئەو دەستەواژەیەیە کە هەرکات عەرەبەکانی حەلەب تینیان بۆ هات، بەرامبەر بە کورد بەکاری دەهێنن. دوایین هێرشی رەگەزپەرستانەی عەرەب لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بەرامبەر بە کورد، خۆپێشاندانی هەینی بوو لە پارێزگای حەلەب و لە شاری مەنبج، کە سندووقی بۆیاخچییەکیان بەرزکردەوە و هاواریان دەکرد: "بۆیاخ... بۆیاخ".
بنچینەی دەستەواژەکە بۆ رووداوێک دەگەڕێتەوە کە کورد تێیدا قوربانیی داوە، ئەویش رووداوەکانی ساڵانی 1940 و 1950 کانە؛ واتە کۆچی هەندێ لە گوندنشینەکانی ناوچەکەیە لە عەفرین و کۆبانێوە بۆ شار کە ئەمەش دوو هۆکاری هەیە: یەکێکیان راکێشانی هێڵی ئاسن و دابڕنی کورد و ئەوی دیکەیان وشکەساڵی و نەهاتی.
کوردەکان کە چوونە شارەوە، دەبوو کار بکەن. لەبەرئەوەی بە ئاسانی کاریان دەست نەدەکەوت، هەروەها لە کاروباری شاریان نەدەزانی، دەبوو ببنە خزمەتکار و دەرگەوان، بەڵام کوردەکان ئەوەیان هەڵنەبژارد؛ ویستیان کارێک هەڵبژێرن خزمەتکار و خاوەنکار هەر خۆیان بن، هەروەها کارێک بێت کە دەستمایەی نەوێت، یەکێک لەو کارانەی دەستیان پێکرد، "بۆیاخچی" بوو.
ئەم پیشەیە پێشتر هەبوو، عەرەبەکان هەمان کاریان دەکرد و دوای ئەوانیش هەر بەردەوام بوون، بەڵام کورد هونەریان تێدا نواند و دەستڕەنگینییان پێشاندا. رێژەیەکی زیاتریان کاریان کرد، تەنانەت چەندین کەسی بەناوبانگیان تێدا هەڵکەوت.
هەرکات باسی ئەو سەردەمە دەکرێت، راستەوخۆ ناوی حەسۆ و عەبدۆ دەهێنرێت، بەتایبەت حەسۆ.
حەسۆ یان حەسەن بۆیاخچی؛ ئەم پیاوە کوردە مەردە مێژوویەکی ئەفسانەیی هەیە و بە "مەلیکی بۆیاخچییەکان" ناسراوە.
مەلیکی بۆیاخچییەکان لە شەقامی بارۆن و لەبەردەم هۆتێل بارۆن دادەنیشت. حەسۆ وەک بۆیاخچییەکی ئاسایی نەبوو؛ کورسییەکەی وەک "تەختی پاشا" بەرز و رازاوە بوو، جلی رێک و پۆشتەی لەبەردەکرد.
حەسۆ کەسایەتییەکی زۆر زیرەک و قسەخۆش و سیاسی بوو. دەگوترێت بەرپرسە باڵاکانی حەلەب، پەرلەمانتاران و دەوڵەمەندەکان دەچوونە لای، نەک تەنیا بۆ بۆیاخ، بەڵکو بۆ قسەکردن و بیستنی هەواڵ و نووکتەکانی. ئەو وێنەی بۆیاخچیی لە "خزمەتکارێکەوە" گۆڕی بۆ "کەسایەتییەکی شار".
حەسۆ تەختەیەکی بچووکی دانەنابوو، بەڵکو سندوقێکی گەورە و رازوە، بە بزماری زەرد دایکوتیبوو، کورسییەکی گەورەی دانابوو وەکو پاشاکان لەسەری دادەنیشت، بەرز و زاڵ بوو بەسەر ئەوانەدا کە دەچوون بۆ بۆیاخکردن، حەسۆ هەندێجار قات و ریباتی لەبەردەکرد، ببووە سیمبولی کەسێتییەکی رێزلێگیراو.
ئەمە قۆناخێک بوو. کورد لە حەلەب زیرەک بوون؛ هەر زوو بەو پارەیەی باوکەکان کە لە بۆیاخچێتی دەستیان کەوت، بۆ کوڕەکانیان مەکینەی دروومانیان پێ کڕی، پەرەیان پێدا و بوونە بازرگانی جلوبەرگ و کارگە و کارخانەیان دانا. ئیدی کورد لە حەلەب، بەتایبەت ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، بوونە دەسەڵاتدار و دەستیان بەسەر بازاڕدا گرت.
ئەو عەرەبەی جاران دەچوو کوردێک پێڵاوەکانی بۆیاخ بکات، ئێستا دەبوو لەبەردەم دووکانی کوردەکە بوەستێت تاوەکو قوماشی پێ بفرۆشێت. ئەمەش نیگەرانیی لای عەرەبی رەگەزپەرست دروست کرد؛ بۆئەوەی لە شان و شەوکەتی کورد بێننە خوار، کاتێک دەیانویست تانە و تەشەری لێ بدەن، بە "بۆیاخچی" بانگیان دەکرد.
دەستەواژەی "بۆیاخچی" چیدیکە تەنیا پیشە نەبوو؛ عەرەبی رەگەزپەرست وەکو سووکایەتی بەکاریان دەهێنا. دەیانویست هەموو ئەو پێشکەوتن و مێژوو و خەباتەی کورد لە حەلەب (لە پیشەسازی، بازرگانی و رۆشنبیری) ون بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی هەژاریی ساڵانی پەنجاکان. کورد ئەمەی وەک "نکوڵیکردن لە پێگەی خۆی" سەیر دەکرد.
تەنانەت ئەم چەمکە و ئەم دەستەواژەیە، واتە بۆیاخچی، لە ئەدەبیات و رۆمانەکان رەنگی داوەتەوە؛ جان دۆست و سەلیم بەرەکات کاریان لەسەر کردووە. جان دۆست کە خۆی خەڵکی کۆبانێیە و لە حەلەب ژیاوە، بە واقیعیانە سەیری کردووە.
بۆیاخچی لای جان دۆست بریتییە لەو جووتیارە دڵپاکەی عەفرین یان کۆبانی کە "سیاسەتی تەعریب" و "وشکەساڵی" ناچاری کردووە خاکەکەی جێبهێڵێت و بچێتە سەر کۆنکرێتی رەقی حەلەب. لە رۆمانی "مژاباد" جان دۆست ئاماژە بەو گەڕەکە هەژارنشینانە دەکات (وەک ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) کە لانکەی بۆیاخچییەکان بوون. ئەو وەسفی سندوقی بۆیاخ دەکات وەک "تابووتێکی بچووک" کە خەونی گەنجێکی کوردی تێدا نێژراوە.
سەلیم بەرەکات "بۆیاخچی" وەک ئەفسانە و "منداڵی ئاسنین" ناوی بردووە. سەلیم بەرەکات (خەڵکی قامیشلۆ)، شێوازەکەی سیحری و ئاڵۆزە. ئەو دەڵێت: "ئەو منداڵە کوردەی لەسەر سندوقەکە دانیشتووە، چاوی لە پێڵاوەکان نییە، چاوی لە ئاسۆیەکی دوورە. ئەو فڵچەیەکی بەدەستەوە نییە، بەڵکو چەکێکی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بوونی خۆی لەم شارە نامۆیەدا بسەلمێنێت."
هەردوو نووسەر و زۆرێک لە رۆشنبیرانی کورد رۆژئاوای کوردستان، کۆکن لەسەر یەک دێڕی گرنگ کە کورتەی هەموو چیرۆکەکەیە: "باوکەکانمان دەستیان بە بۆیاخ رەش بوو، تا ئێمە دەستمان بە مەرەکەب رەش بێت."