لە حەسەکە تەقە لە کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە دیمەشق کرا
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمی جەزیرەی رۆژاڤای کوردستان رایگەیاند، کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریا لە شاری حەسەکە رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بوونەتەوە و بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ لە ناوچەکە راگەیەندراوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، دەڵێت، هێرشەکە لە کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا روویداوە، کاتێک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرقاڵی دابینکردنی دەروازە بوون بۆ چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا بۆ ناو شاری حەسەکە. ئاسایش دەڵێت: "کاروانەکە لەلایەن چەند شانەیەکی تیرۆریستییەوە تەقەی راستەوخۆی لێکراوە بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".
هێزەکانی ئاسایش ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنیندا، توانیویانە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستییانە دەستگیر بکەن کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. هەروەها رایانگەیاندووە کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار بووە و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و رێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی دیکەی تێکدەرانە، هێزەکانی ئاسایش قەدەخەی هاتووچۆی کاتییان لە ناوچەکەدا سەپاندووە. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی و بەبێ زیانی مەدەنی ئەنجام داوە و پابەندی تەواوی خۆیان بە رێککەوتنەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی دووپات دەکەنەوە.