ئەحمەد شەرع و شاندێکی ئەنەکەسە کۆبوونەوە؛ "باسی مافەکانی گەلی کورد لە سووریادا کرا"
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە و باسی مافەکانی گەلی کوردیان لە سووریای نوێدا کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، ئەحمەد شەرع پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆشکی گەل کرد.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەش پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان".
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پێشوازی لە شاندێکی ئەنەکەسە کرد بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل.
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 3, 2026
سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێت، شەرع لە دیدارەکەدا جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بە مسۆگەرکردنی مافی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا. pic.twitter.com/7p1j6sZ8Ff
شاندەکە دوێنێ دووشەممەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەسەکە و چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسەیە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە؛" هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، ناسنامەی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووریا بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.