راوێژکاری موفتی سووریا: موفتی قسەی نەشیاو بە کورد ناڵێت


 
رووداو- دیمەشق

دوای ئەوەی نووسینێک بەناوی زاری ئەحمەد حەسوون، موفتی سووریا دەربارەی  کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بڵاوکرایەوە، کە تیایدا وشەی خراپ بەرامبەر بە کورد بەکارهێندراوە، راوێژکاری موفتی سووریا رایگەیاند "موفتی قسەی واناکات و وشەی خراپ بەرامبەر هیچ کەسێک بەکارناهێنێت".
 
باسل قەس نەسروڵڵا، راوێژکاری موفتی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوشتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەناوی موفتی سووریا بڵاو کراونەتەوە، کە بەشێوەیەکی خراپ لەسەر پێكهاتەی کورد دەدوێت، دوورە لە راستی و پەیوەندی بەوەوە نییە، چونکە موفتی سووریا وشەی خراپ بەرامبەر هیچ کەسێک بەکار ناهێنێت".
 
باسل قەس نەسروڵڵا دەڵێت "پێكهاتەی کورد بەشێکی پێکهاتەکانی سووریایە. چوار سەرۆکی سووریا لە پێکهاتەی کورد بوون، بەڵام ئێمە وەک سووری ئەوان ناو دەبەین. من هەمیشە تۆمەتبارکردنی کوردم بە خیانەت رەتکردووەتەوە. ئەوەش لە شێخ ئەحمەد حەسوون فێربووم کە پێکهاتەکانی سووریا بە گوڵ و خونچەکانی سووریا ناو دەبات".
 
ئەو گوتەبێژە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان هەموویان خەڵکی سووریان و خوێنی هەموویان لەپێناو ئە وڵاتەدا رژاوە. بەشێکی کورد لەسەر یەکێتی خاکی سووریا سوورن و هەموو کەسێک لە پێكهاتەی کۆمەڵگای سووریا دەیەوێت ئەو خاکە رزگاربکرێت، لە عەفرینەوە تاوەکو لیوای ئەسکەندەرۆن و جۆلانیش.