شام هێرشەکان بۆ سەر تورکیا و ئازەربایجان شەرمەزار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆماری عەرەبیی سووریا، رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر هەردوو وڵاتی تورکیا و ئازەربایجان کرد؛ شام ئەو جووڵانەی تارانی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی سەروەریی دەوڵەتان و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان باسکردووە.
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، شام بە هەموو شێوەیەک پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکان و ئەو هێرشانەی کە هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، رەتدەکاتەوە. وەزارەتەکە جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باش لە نێوان دەوڵەتاندا کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانەدا بەتەواوی پشتیوانی لە ئەنقەرە و باکۆ دەکات. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا جێبەجێ بکات، تاوەکو رێگری لە قووڵبوونەوەی زیاتری تووندوتیژییەکان بگیرێت.
ئەم هەڵوێستە تووندەی سووریا لە کاتێکدایە، کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە باکۆ رایگەیاند، هێزەکانی ئێران بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی "نەخچەوان" و چەند ناوەندێکی مەدەنی.
هاوکات رۆژی چوارشەممە ئەنقەرە پشتڕاستی کردەوە کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، مووشەکێکی بالیستی ئێرانییان پێش ئەوەی بگاتە ناو ئاسمانی تورکیا، لە ئاسماندا تێکشکاندووە.