سووریا؛ لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر دەرچووانی کۆلێژێکی سەربازی لانیکەم 60 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا دەڵێت، لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر رێوڕەسمێکی دەرچوونی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی لە شاری حمس، بە دەیان ئەفسەر و کەسی سڤیل کوژراون و برینداربوون. سەرچاوە خۆجێیەکانیش باس لە کوژرانی لانیکەم 60 کەس دەکەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5-10-2023، فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر شاری حمس رایگەیاند، "ئەو گرووپە چەکدارە تیرۆریستانەی لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیی ناسراوەوە پشتیوانی دەکرێن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازییان لە شاری حمس لەرێگەی درۆنەوە کردووەتە ئامانج، ئەو درۆنانە تەقەمەنییان پێبووە و راستەوخۆ لەدوای تەواوبوون، رێوڕەسمەکەیان کردووەتە ئامانج و ئەوەش بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سڤیل و سەرباز و دەیان بریندار کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە."
هەروەها دەڵێت، "لەنێو بریندارەکان منداڵ و ئافرەتیش هەن، جگە لە ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژی سەربازی کە لە ئاهەنگی دەرچوونەکە بەشداربوون."
لای خۆیەوە، سەرچاوە خۆجێیەکان بە پشت بەستن بە سەرچاوەی هەواڵی نێوخۆیی باس لەوە دەکەن، سەروو 60 کەس بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە "نۆ لەوانە کەسی سڤیل بوون.. و سەروو 100 کەسیش برینداربوون."
فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو کارە تیرۆریستییە بێ پێشینەیە و بەوپەڕی هێزمانەوە وەڵامی گرووپە تیرۆریستییەکان دەدەینەوە لە هەرکوێیەک بن، لێپرسینەوە لەو کەسانەش دەکرێت کە پلانداڕێژەر و ئەنجامدەری کارەکەن و باجی قورس دەدەن."
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، گوایە ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی سووریا لە رێوڕەسمەکەدا بوون و باس لە برینداربوونی عەلی عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی رەتیکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، راستەوخۆ شوێنەکەی بەجێهێشتووە.
حمس یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکانی سووریا لەرووی رووبەرەوە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە و سنووری پارێزگاکە تاوەکو سنووری عێراق و لوبنان درێژدەبێتەوە، نزیکەی 180 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە دوورە، پارێزگاکە چەندین بنکەی سەربازی و کۆلێژەی سەربازی و پاڵاوتگەی نەوتی تێدایە.