تەندروستیی سووریا: لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆلێژی سەربازیی حمس 80 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی سووریا رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر ئاهەنگێکی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی ئەو وڵاتە 80 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 240 کەسی دیکە برینداربوون. حکومەتی سووریاش سێ رۆژ ماتەمەنیی گشتی لەو وڵاتە راگەیاند.
شەوی پێنجشەممە، 5-10-2023، حەسەن غەباش، وەزیری تەندروستیی سووریا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی بۆ سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی سووریا راگەیاند و ئاشکرایکرد " ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کۆلێژی سەربازی حمس گیانیان لەدەستدا تاوەکو ئێستا 80 کەسن و ئەوە ئاماری کۆتایی نییە، لەنێو ئەو کەسانەدا شەش ئافرەت و شەش منداڵ هەن، جگە لەوەی زیاتر لە 240 کەسیش برینداربوون."
پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ، فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر شاری حمس رایگەیاند، "ئەو گرووپە چەکدارە تیرۆریستانەی لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیی ناسراوە و پشتیوانی دەکرێن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازییان لە شاری حمس لەرێگەی درۆنەوە کردووەتە ئامانج، ئەو درۆنانە تەقەمەنییان پێبووە و راستەوخۆ لەدوای تەواوبوون، رێوڕەسمەکەیان کردووەتە ئامانج و ئەوەش بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سڤیل و سەرباز و دەیان بریندار کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە."
هێرشەکە حکومەتی سووریای ناچارکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەو وڵاتە رابگەیێنێت کە لە رۆژی هەینی، 6ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە دەستپێدەکات، ماتەمە گشتییەکە سەرجەم باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەباری هێرشەکەوە راگەێیندراوێکی بلاوکردەوە تێیدا ئەو گرووپە چەکدارانەی بە ئەنجامدانی کردەوەکە تۆمەتبارکرد کە لەلایەن ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە سووریا وەڵامی تووندی بۆ ئەو کردەوەیە دەبێت و حکومەتی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هێزە بیانییەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتانە لەو وڵاتە ناهیڵن.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە ئەو کارە سەرکۆنە بکەن و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، گوایە ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی سووریا لە رێوڕەسمەکەدا بوون و باس لە برینداربوونی عەلی عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی رەتیکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، راستەوخۆ شوێنەکەی بەجێهێشتووە.
حمس یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکانی سووریا لەرووی رووبەرەوە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە و سنووری پارێزگاکە تاوەکو سنووری عێراق و لوبنان درێژدەبێتەوە، نزیکەی 180 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە دوورە، پارێزگاکە چەندین بنکەی سەربازی و کۆلێژەی سەربازی و پاڵاوتگەی نەوتی تێدایە.