محەمەد وەلی: کورسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە پەرلەمانی سووریا بە بەتاڵی دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا و کاندیدی سەربەخۆ رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچن، هەڵگری "کەموکوڕییەکی بنچینەیی قووڵن" و ناگەنە ئاستی داخوازی و هیواکانی گەلی سووریا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای پەرلەمانی سووریا ئەم پرۆسەیەی وەک هەنگاوێکی پێویست لە "قۆناغێکی راگوزەردا" پێناسە کرد بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی لە وڵاتدا دروست بووە و ئاماژەی بەوەش کرد ئەنجوومەنی گەل یاساکانی سەردەمی بەعس بە یاسای نوێ دەگۆڕێت.
محەمەد وەلی، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا و کاندیدی سەربەخۆ لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات گوتی، "ئەمڕۆ هەڵبژاردن لەسەر ئاستی 11 پارێزگا و لەناو 9 بازنەی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی 121 ئەندام بۆ ئەنجوومەنی گەل."
رۆژی یەکشەممە 5-10-2025 بۆ یەکەمجار دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە بەڕێوەچوون، سیستمی هەڵبژاردنەکە ناراستەوخۆیە و 33ـ٪ـی ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە سەرۆکی سووریا دەستنیشانی دەکات و لە 67٪ـیش بە هەڵبژاردنی ناراستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن.
وەلی باسی لە هۆکارەکانی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکە لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان کرد، گوتی: "پارێزگاکانی وەک سوەیدا، حەسەکە و رەققە بەشداریی هەڵبژاردنەکە ناکەن تاوەکو دۆخێکی سیاسیی گونجاو و کرانەوەیەکی سیاسی دێتە ئاراوە، کورسییەکانی ئەوان لە پەرلەماندا، بەپێی ئاماری ساڵی 2011، بە بەتاڵی دەمێننەوە."
لەبارەی سەرێکانی و گرێ سپی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەکاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا گوتی، "لە سەرێکانی کە سەر بە پارێزگای حەسەکەیە، لەبەرئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە، هەڵبژاردن بۆ یەک کورسی بەڕێوەدەچێت، هەروەها لە گرێ سپی و مەعدان، کە سەر بە رەققەن، هەڵبژاردن بۆ چەند کورسییەک ئەنجام دەدرێت."
لە هەڵبژاردنەکە 1578 بەربژێر کە 14٪ـیان ژنن کێبڕكی دەکەن، لەنێوانیاندا کەسێکی هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکی هەیە بەناوی هێنری حەمرا هەیە، کە کوڕی دوایین حاخامی یەهودی بووە لە ساڵی نەوەدەکان سووریا بەجێهێشتبوو، وەکو یەکەم بەربژێری یەهودی لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا هەژمار دەکرێت.
لەبارەی دەستنیشانکردنی 33٪ـی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل محەممەد وەلی گوتی، "ئەم میکانیزمە بۆ ئەوە دانراوە، نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە مسۆگەر بکرێت. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا کەموکوڕییەک لە نوێنەرایەتیی پێکهاتە نەتەوەییەکان، وەک کورد، یان ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا رووبدات، سەرۆککۆمار ئەم بۆشاییانە بە دیاریکردنی ئەندام پڕ دەکاتەوە. ئامانج ئەوەیە کە ئەنجوومەنی گەل بەڕاستی نوێنەرایەتیی تەواوی کۆمەڵگەی سووریا بکات."
هەریەکە لە کورد، عەلەوی و دروزەکان هەڵبژاردنەکەیان رەتکردووەتەوە و بەشداری ناکەن، بەپێی دیمەنی شارە گەورەکانی سووریاش هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شارانە بە کەمی دەبینرا، لە شەقامەکان ژمارەیەک کەم پۆستەری بەربژێرەکان دانرابوون.
دەربارەی بەشداریی کورد، محەمەد وەلی هیوای خواست کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و چالاک لە پەرلەماندا جێی خۆی بگرێت و دەڵێت، "تەنها لە ئیدلب نزیکەی 10 بۆ 15 کاندیدی کورد هەن.
ئێمە هیوادارین هەماهەنگییەک لە نێوانیاندا دروست ببێت تاوەکو دەنگەکانیان پەرت نەبێت و بتوانن سەربکەون، لە دەستەکانی هەڵبژاردنیشدا هەوڵ دراوە کورد و پێکهاتەکانی دیکە جێیان هەبێت و ئەگەر لە ئەنجامدا نوێنەرایەتییان کەم بوو، میکانیزمی دەستنیشانکردن لەلایەن سەرۆککۆمارەوە ئەم کەموکوڕییە چارەسەر دەکات".
لە کۆتایی قسەکانیدا، محەمەد وەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە کە ئەنجوومەنی گەلی نوێ بتوانێت دەست بە نووسینەوەی داهاتووی سووریا بکات، یاسا کۆنەکانی سەردەمی بەعس بگۆڕێت و ببێتە بناغەیەک بۆ سووریایەکی نوێ و یەکگرتوو.