لە رێوڕەسمی دەرچوونیانەوە بۆ بەخاکسپاردنیان؛ 89 کەس لە هێرشەکەی حمسی سووریا گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی سووریا  نوێترین ئاماری هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی دوێنیی سەر کۆلێژی سەربازی شاری حمسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند تائێستا 89 کەس گیانیانلەدەستداوە و 277 کەسیش بریندارن.
 
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 6-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی سووریا دوایین ئاماری لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆلێژەی سەربازیی شاری حمس بڵاوکردەوە کە هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ. بەپێی وەزارەتەکە تاوەکو کاژێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 89 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 31 ئافرەت و 5 منداڵ هەن، هەروەها 277 کەسیش بریندارن.
 
پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، 6-10-2023، لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگی دەرچوونی ئەفسەران، هێرشکرایە سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی سووریا، بەپێی فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا  هێرشەکە لەرێگەی درۆنەوە کراوە.
 
ئەو فەرماندەییە رایگەیاند: "ئەو گرووپە چەکدارە تیرۆریستانەی لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیی ناسراوە و پشتیوانی دەکرێن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازییان لە شاری حمس لە رێگەی درۆنەوە کردووەتە ئامانج، ئەو درۆنانە تەقەمەنییان پێبووە و راستەوخۆ لەدوای تەواوبوون، رێوڕەسمەکەیان کردووەتە ئامانج و ئەوەش بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سڤیل و سەرباز و دەیان بریندار، کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە."
 
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا ژمارەیەکی زیاتریان لە ژمارەکانی حکومەت راگەیاندووە، بەپێی ئەو سەرچاوانە لە رووداوەکەدا 112 کەس گیانیانلەدەستداوە، لەنێویاندا 21 کەسیان سڤیلن.
 
هێرشەکە حکومەتی سووریای ناچارکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لەو وڵاتە رابگەیێنێت کە لە رۆژی هەینی، 6ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە دەستپێدەکات، ماتەمینە گشتییەکە سەرجەم باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەباری هێرشەکەوە راگەێیندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئەو گرووپە چەکدارانەی بە ئەنجامدانی کردەوەکە تۆمەتبارکرد کە لەلایەن ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پشتیوانی دەکرێن.
 
وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە ئەو کارە سەرکۆنە بکەن و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، گوایە ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی سووریا لە رێوڕەسمەکەدا بوون و باس لە برینداربوونی عەلی عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی رەتیکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، راستەوخۆ شوێنەکەی بەجێهێشتووە.
 
حمس یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکانی سووریا لەرووی رووبەرەوە، دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە و سنووری پارێزگاکە تاوەکو سنووری عێراق و لوبنان درێژدەبێتەوە، نزیکەی 180 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە دوورە، پارێزگاکە چەندین بنکەی سەربازی و کۆلێژی سەربازی و پاڵاوگەی نەوتی تێدایە.