ئەحمەد شەرع: ئیسرائیل دوای جەنگی غەززە شەڕی تارماییەکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل "لەگەڵ تارمایی شەڕ دەکات" و بەدوای دووژمندا دەگەڕێت. دەشڵێت، ئیسرائیل کێشەکانی خۆی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکات.
 
رۆژی شەممە، شەرع لە کۆربەندی دەوحە رایگەیاند، لەوەتەی ساڵێک لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، "پەیامی ئەرێنیی سەبارەت بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە" ناردووە.
 
شەرع گوتی، ئیسرائیل دەستپێشخەرییەکانی رەتکردووەتەوە و ململانێکانی لەگەڵ حەماس "درێژکردووەتەوە" و بە پاساوی ئاسایش رەوایەتی بەو هێرشانە دەدات کە دەیکات.
 
سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا گوتیشی: "ئیسرائیل لە رێگەی دروستکردنی قەیران لە ناوچەکەدا، هەمیشە کێشەکانی خۆی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکات و هەوڵدەدات لەو کۆمەڵکوژییە سامناکانە رابکات کە لە غەززە ئەنجامیداون."
 
شەرع داوای لە ئیسرائیل کرد هێزەکانی لە وڵاتەکەی بکێشێنێتەوە و پابەندی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 بێت.
 
سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل و هیوای خواست بتوانرێت بگەنە هاوکێشەیەک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە ئەمنییە "گونجاوەکان".
 
شەرع ئاشکرای کرد: "ئێستا دانوستاندن هەیە و ئەمریکاش لەو دانوستاندنانەدا بەشدارە و ئامادەیی هەیە."
 
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل بەشێکی باشووری سووریای کۆنترۆڵکردووە کە پێشتر بەپێی رێککەوتنی ساڵی 1974 ناوچەیەکی لەچەکداماڵدراوی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
 
ئیسرائیل دەڵێت، دەستی بەسەر ئەو ناوچە بێچەکەدا گرتووە لە باشووری سووریا کە رووبەرەکەی 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەوەش وەکو هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ رێگری لە چوونی چەکداران بۆ ناوچەکە دوای ئەوەی چەکدارە ئیسلامییەکان دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند.
 
هێزەکانی ئیسرائیل بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن لە گوند و شارۆچکەکانی نێو و دەرەوەی ئەو ناوچەیە دەکەن، لەوانەش رفاندنی ئەو کەسانەی کە دەڵێت گومانی چەکداریان لێدەکرێت. مانگی رابردووش لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلدا دژی چەکدارە گومانلێکراوەکان، لانی کەم 13 کەس کوژران.
 
سەرەتای ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئاستی ئەحمەد شەرع رازیە و داوای لە ئیسرائیل کرد "دەستوەردان" لە کاروباری سووریا نەکات.
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و راستەقینەی لەگەڵ سووریا هەبێت و رێگە نەدات هیچ شتێک رووبدات کە ببێتە رێگر لەبەردەم گەشەسەندنی سووریا بۆ دەوڵەتێکی خۆشگوزەران."
 
هاوکات ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا و گوشار دەکات بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لە باشووری دیمەشق.