چەند لایەنێکی رۆژئاوای کوردستان: دەمانەوێ کەشێکی باش بۆ کۆبوونەوەیەکی جیددی لەگەڵ دیمەشق بێتە ئاراوە
رووداو - هەولێر
شاندێکی هاوبەشی پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆ، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی چەند پرسێک کرد.
بەدران چیا کورد، ئەندامی شاندەکە و راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا نەکراوە، بەڵام لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆیان کردووە و دەیانەوێ کەشێکی باش بۆ کۆبوونەوەیەکی جیدی و فەرمی لەگەڵ دیمەشق بێتە ئاراوە.
ئەو ئەندامەی شاندەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی باش بەڕێوەدەچن و هیوادارن ئەنجامی باشیان هەبێت و هەموو شت لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت.
ئەو شاندەی کە لە رۆژئاوای کوردستانەوە سەردانی دیمەشقی کرد پێکهاتبوو لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری مەسەدە، بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆی کورد.
سەردانی شاندە هاوبەشەکە لەکاتێکدایە کە پێش سێ رۆژ لە حمێمیم لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی رووسی کۆبووبوونەوە.