پارێزگاری ئیدلب: بەهۆی بارانبارینەوە زیاتر لە 10 کەمپی ئاوارەکان ژێرئاو کەوتوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ لە سنووری پارێزگای ئیدلب لە سووریا، زیاتر لە 10 کەمپی ئاوارەکان زیانیان بەرکەوتووە و ژێرئاو کەوتوون. پارێزگاری شارەکە رایدەگەیێنێت، نەخۆشخانەیەک چۆڵکراوە و قوتابخانە و مزگەوتەکان بۆ داڵدەدانی لێقەوماوان کراونەتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، محەممەد عەبدولڕەحمان، پارێزگاری ئیدلب رایگەیاند، ئەو بارانە بەخوڕەی پارێزگاکەی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتن و زیانپێگەیشتنی زیاتر لە 10 کەمپی ئاوارەکان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز. 
 
گوتیشی: "سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان راسپاردووە رێوشوێنی بەپەلە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بگرنەبەر."
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ لەخۆگرتنی ئەو خێزانانەی کەمپەکانیان زیانی بەرکەوتووە، پارێزگاری ئیدلب ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک قوتابخانە و مزگەوت وەک پەناگەی کاتی بۆ پێشوازیکردن لەو خێزانانە کراونەتەوە، هاوکات تیمەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ گەیاندنی هاوکاریی فریاگوزاری.
 
یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی لافاو و بارانبارینەکە، چۆڵکردنی ناوەندە تەندروستییەکان بووە. محەممەد عەبدولڕەحمان گوتی: "بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان و نەخۆشەکان، تەواوی ستافی نەخۆشخانەی (عەین بەیتا) و نەخۆشەکانمان بۆ نەخۆشخانەکانی جسر شوغور و ئیدلب گواستووەتەوە."
 
پارێزگاری ئیدلب دڵنیایی دەدات کە بەردەوام لەسەر هێڵن و دەڵێت: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان، بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات وەڵامی پێداویستییەکان بدەینەوە و ئازاری لێقەوماوان کەم بکەینەوە."
 
رائید ساڵح، وەزیری باری نائاسایی و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە سووریا رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە بەدەمەوەچوونی لێکەوتەکانی ئەو بارانە بەخوڕەی لە پارێزگای ئیدلب باریوە و ئەو لافاوانەی لێی کەوتوونەتەوە کە بوونەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک خێمە لە کەمپەکانی ناوچەی 'خربە جەوز'، تیمەکان خەریکی کردنەوەی رێڕەوی ئاوەکان و گواستنەوەی خێزانە زیانلێکەوتووەکانن.
 
رائید ساڵح گوتیشی: "تیمەکانی وەزارەت بەردەوامن لە بەدواداچوونی وەڵامدانەوە و بانگەوازە مەیدانییەکان لە هەریەک لە ئیدلب، سەرمەدا، جسر شوغور، سەراقب و دەوروبەری حەما، داواش لە خەڵکەکەمان دەکەین وریایی و خۆپارێزی بگرنەبەر و لە رێڕەوی لافاو و شوێنەکانی کۆبوونەوەی ئاو دووربکەونەوە لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان."