ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوییەکان داوای 'پاراستنی نێودەوڵەتی' بۆ عەلەوییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوییەکانی سووریا و هەندەران، داوایەکی فەرمی ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رووسیا کردووە و داوایان لێدەکات، ناوچەکانی پێکهاتەی عەلەوی، بخرێنە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی.
ئەنجوومەنەکە رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە ناردنی هێزەکانی سوپای سووریا، بۆ شار و شارۆچکە کەناراوەکانی سووریا.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوییەکانی سووریا و هەندەران، پێیوایە ناردنی ئەو هێزە "بە مەبەستی ترساندن و کوشتنی گەلی سووریا بە گشتی و پێکهاتەی عەلەوی بە تایبەتی".
ئەو ئەنجوومەنەی عەلەوییەکان، کە لە درەوەی وڵاتە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕگەی حەوت لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بکرێت و بخرێتە ژێر "پاراستنی نێودەوڵەتی".
ئێوارەی دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای سووریا، کە بە ناوچە کەناراوییەکان ناسراون، شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان، کە بە پاشماوەی سوپاکەی بەشار ئەسەد ناودەبرێن، بەردەوامە. بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، 70 کەس لە هەردوولا کوژران و دەیانی دیکەش بریندارن.
ئەنجوومەنەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هانای بۆ شێخ حیکمەت هجری، گەورە پیاوی موسڵمانانی درووزی بردووە و داوای پشتیوانی لێدەکات بۆ "لابردنی ستەم" لەسەر پێکهاتەی عەلەوییەکان.
دوایین سەرژمێری لە سووریا لە ساڵی 2008 کراوە، ئەوکات رێژەی عەلەوییەکان بە زیاتر لە 10٪ هەژمار کراوە. عەلەوییەکان زۆرتر لە شار و شارۆچکە کەناراوییەکان دەژین. بەشێکی کەمیان لە حەما و حومس دەژین، لە سەردەمی حافز ئەسەد بەشێک لە عەلەوییەکان هێنرانە دیمەشق و لە هەردوو گەڕەكی مەززە 86 و سۆمەرییە نیشتەجێکران.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوییەکانی سووریا و هەندەران جەخت دەکاتەوە کە "پشتیوانی ستەمکار ناکات" و "لەگەڵ ئەو دەستانە نییە کە بە خوێن سوورن"، بەڵکو پابەندی "حەق و دادپەروەرییە" و ئامادەیە بۆ لێپێچینەوە لە هەر تاوانبارێک کە تاوانی دژی گەلی سووریا کردبێت.