سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری پارتی سووریای ئازاد: ناناوەندی پرسی کورد و کێشەکانی سووریاش چارەسەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردەی حزبێکی سووریایی رایگەیاند، سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ فەرەنسا کرانەیەوەکی گەورەی سووریایە بەڕووی جیهان و دەڵێت "فەرەنسا ژێرخانێکی بەهێزی لە سووریا هەیە و دەتوانێت رۆڵێکی گەورە ببینێت"، رەتیشی دەکاتەوە "سووریا بە هەمان عەقڵییەتی پێشوو بەڕێوەبچێت".
 
فەهد میسری، سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری پارتی سووریای ئازاد، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (نووڕۆژ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "سەردانەکەی شەرع بۆ پاریس پێشهاتێکی گرنگی دیپلۆماسییە." داواش دەکات "ئەڵمانیاش هەنگاوێکی هاوشێوە بنێت". 
 
فەهد میسری گوتی، "سەردانی سەرۆک ئەحمەد شەرع بۆ فەرەنسا پێشهاتێکی دیپلۆماسی زۆر زۆر گرنگە و کرانەوەی سووریایە بەڕووی جیهان و جیهانی پێشکەوتوو، دیپلۆماسیەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک شەرع و وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی، زۆر هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سووریا تێکەڵ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت، هیوادارین کە هەنگاوێکی هاوشێوە لە ئەڵمانیاش بنرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 7/5/2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە یەکەم سەردانی دا بۆ ئەورووپا، سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە. بەپێی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ماکرۆن و شەرع باسی پشتگیریی فەرەنسا و پاراستنی پێکهاتەکان دەکەن.
 
فەهد میسری رەتیدەکاتەوە کێشەی پێکهاتەکان لە سووریا هەبێت کە بەقسەی ئەو هەندێ لایەنی دەرەکی دەیانەوێت ئەو کارتە لەدژی سووریا بەکاربێنن و دەڵێت، "ئێمە کەمینەمان نین، بەڵکو هاووڵاتیمان هەن، سووریا وەکو پەڵکەزێڕینەیە و زۆر رەنگی تێدایە، بەڵام هەندێ لایەنی دەرەکی هەن کە دەیانەوێ ئەم کارتە بەکاربێنن بۆ چەندین ئەجێندای خراپ لە سووریا، ئەو پرسەی کە بە کەمینە ناودەبرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2025، لە گوتارێکدا لە پاریس بەڵێنیدا پشت لە شەڕڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەکات و گوتی، "وەفادار دەبین بۆ شەڕڤانانی ئازادی وەکو کوردەکان کە لەگەڵمان بەشداربوون لە شەڕی دژی تیرۆر بەتایبەت داعش."
 
سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری پارتی سووریای ئازاد داوا دەکات رۆڵێکی گرنگ بە فەرەنسا بدرێت لە سووریا، چونکە ئەو وڵاتە ژێرخانی لە سووریا داناوە و گوتی، "هەموو کەس دەزانێت فەرەنسا مێژوویەکی درێژی لەگەڵ سووریا هەیە، بۆیە پێویستە فەرەنسا رۆڵێکی گرنگی لە سووریا دا هەبێت بۆ ئەوەی سووریا تێکەڵ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت، هیوادارین فەرەنسییەکان هەموو هاوکارییەک گرنگ و پێویست بۆ سەرکردایەتیی نوێی سووریا پێشکێش بکات، چونکە سەرکەوتنی قوناخی راگوزەر زۆر گرنگ و پێویستە، سەرنەکەوتنی ئەم سەرکردایەتییە دەرئەنجامی خراپی نەک تەنیا لەسەر سووریا بەڵکوو لەسەر ناوچەکە و جیهان دەبێت." 
 
لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی سووریا، فەهد میسری، سیستمی فیدڕاڵی رەتکردەوە، بەڵام ئاماژەی کرد ناناوەندی ئیداری نەک تەنیا پرسی کورد بەڵکو زۆر کێشەی دیکە لە سووریا چارەسەر دەکات و گوتی، "ناناوەندیی ئیداری لە سووریا نابێتەهۆی پارچەکردن، بەڵکو تەنیا چارەسەر بۆ پرسی کورد و زۆربەی کێشەکانی دیکەی سووریا چارەسەر دەکات، من باوەڕناکەم سوورییەکان رێگە بدەن بە هەمان عەقڵیەتی پێشوو وڵاتەکە بەرێوەببرێت."