لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان بۆ پشتگیریی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە دژی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، لە 17 پارێزگای باکووری کوردستان و چوار شاری گەورەی تورکیا گردبوونەوە و رێپێوان ساز دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 بە دروشمی "رۆژئاوا ئازادییە،" لە چەندین شار و شارۆچکە چالاکیی جەماوەری بەڕێوەدەچێت. ئامانج لە چالاکییەکە، وەکو رێکخەرانی دەڵێن، دەربڕینی ناڕەزایەتییە دژی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "حکومەتی کاتیی سووریا" بۆسەر حەلەب، هاوکات پەیامی پاڵپشتییە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و "پاراستنی دەستکەوتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
لە رۆژی سێشەممەوە سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک و تۆپ هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) بۆردوومان دەکات، هێزێکی زۆریشی لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاساییشی ناوخۆی حەلەب، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و دوو گەڕەکە کوردییەکە دەپارێزێت، تاوەکو ئێستا بەرپەرچی چەند هێرشێکی سوپای عەرەبیی سووریایان داوەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 8 کەس لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب گیانیان لەدەستداوە و 57 کەسیش بریندار بوون.
شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکان لە باکووری کوردستان:
- ئامەد: رێپێوان لەبەردەم مۆنۆمێنتی مافەکانی مرۆڤ لە پارکی کۆشو یۆڵو بەرەو گەڕەکی ئۆفیس.
- مێردین (نسێبین): رێپێوان لە بارەگای دەم پارتییەوە بەرەو سنووری رۆژئاوای کوردستان.
- رووها (پرسوس): رێپێوان لەسەر رێگەی کۆبانێ.
- وان: رێپێوان لە بارەگای دەبەپەوە بەرەو گۆڕەپانی شار.
- ئاگری: رێپێوان لە بارەگای دەم پارتییەوە بەرەو دامەزراوەی زمان.
- ئێلیهـ: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم سینەمای یڵماز گونەی.
- شڕنەخ (جزیر): کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم بارەگای دەم پارتی.
- سێرت: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم بارەگای دەم پارتی.
- سەمسوور: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە دەروازەی باشووری پارکی میمار سینان.
- ئیدر: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم بارەگای دەم پارتی.
- ئەرزەڕۆم (قەرەچۆبان): کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم بارەگای دەم پارتی.
- مووش: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم شارەوانی.
- بەدلیس (تاتوان): کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم پارکی فەلەستین.
- جۆلەمێرگ: سێ چالاکی جیاواز لە ناوەندی شار، گەڤەر و شەمزینان بەڕێوەدەچن.
- چەولیگ: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە گۆڕەپانی شار.
- قەرس: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم بارەگای دەم پارتی.
- خارپێت: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە وێستگەی مینی پاسەکانی خۆزات.
چالاکییەکان لە شارەکانی تورکیا:
- ئیستەنبووڵ: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە گۆڕەپانی شیشهانە.
- ئیزمیر: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەبەردەم ناوەندی رۆشنبیریی تورکان سایلان لە ئالسانجاک.
- مێرسین (ئاکدەنیز): کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە پارکی منداڵانی ئازاد.
- ئادەنا: کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە پارکی ئینۆنو.