تۆم باراک: بۆ چاودێریکردنی بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار سەردانی حەسەکەم کرد

رووداو دیجیتاڵ 

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا و نێردەی وڵاتەکە بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، وەکو نێردە بۆ "چاودێریکردنی پێشڤەچوونەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و و حکومەتی سووریا" سەردانی حەسەکەی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 08-10-2025 نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لەبارەی سەردانەکەی بۆ حەسەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، "هەر پێشنیارێک لەبارەی ئەوەی سەردانەکە چالاکی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای لەخۆگرتبێت، بە تەواوی بێ بنەمایە و هەر تۆمەتێک کە بوونی نەخشەیەک کە من هەرگیز نەمبینیبوو لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا کە هەرگیز تێیدا نەبووم، بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی تورکیای تێکدابێت، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە."
 
تۆم باراک لەبارەی رێککەوتنی 10ـی ئادار گوتی، "ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سووریا گرنگ نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا و ئەمریکاش گرنگە."
 
تۆم باراک دەشڵێت، ئەرکی ئەو وابووە و هەر واش دەمێنێتەوە  کە "جەختی لەسەر پێشخستنی میکانیزمە هاوکارییەکانە کە هەڕەشەکانی سەر سنوور کەمدەکەنەوە و پشتگیری لە ئامانجی گەورەتری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکەن."
 
رۆژی سێشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  "جێگەی شانازی بوو پێشوازیمان لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا باڵیۆز تۆم باراک و ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد".
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە کە "ئامانجیان پشتگیریکردن بوو لە یەکپارچەیی سیاسی لە سووریا، پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکە، و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
 
تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی رایگەیاند، "ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ دیدگای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا، لەرێگەی رێگەدان بە سوورییەکان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ هەموو سوورییەکانی دیکە لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هاوبەش."