ئاسایشی نێوخۆ لە شێخ مەقسوود: شەڕ رانەگیراوە و دیمەشق راست ناکات
رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسایشی نێوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب دەڵێت، ئەوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا لەبارەی راگرتنی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکە بڵاویکردووەتەوە "راست نییە و هێرشەکانیان بەردەوامە".
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە شێخ مەقسوود ئەمڕۆ شەممە، 10-1-2026، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق بانگەشەی راگرتی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکان دەکات لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەمەش هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ شێواندنی رای گشتی".
هێزی ئاسایشی نێوخۆ جەخت دەکاتەوە، ئەو بانگەشانە "بە تەواوی ناڕاستن" و دەڵێت: "میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی خالید فەجری سڤیل بە تانک و درۆن، کە بووەتە هۆی برینداربوونی چەندین کەسی سڤیل".
ئەمڕۆ دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، لە کاژێر 03:00ی پاش نیوەڕۆوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود راگرتووە.
لە راگەیێندراوەکە باس لەوەش کراوە، هێزی ئاسایشی نێوخۆ بەرپەرچی هێرشێکی بەهێزی چەکدارانی دیمەشقیان داوەتە لە گەڕەکەی رۆژئاوا و دەڵێت: "زرێپۆشێک تێکشکێندراوە. شەڕڤانەکانمان قارەمانانە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن بۆ بەرگریکردن لە کەسوکار و ژیانیان".
هێزی ئاسایشی نێوخۆ دەڵێت تەواوی بەرپرسیارییەتی دەخەینە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق و "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مافپەروەرەکان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و بەپەلە بجووڵێن بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانیان".