وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بۆ رووداو: داوا لە لایەنەکانی حەلەب دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانی دۆخی حەلەبن و داوا لە لایەنەکان دەکەن گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی بەردەوام هەبێت و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکرێت.
رۆژی شەممە، 10-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی پرسیاری نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو رایگەیاند، "هۆڵەندا زۆر نیگەرانە لە بەردەوامیی توندوتیژییەکان لە حەلەب و لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین".
وەزارەتەکە لە وەڵامی پرسیارەکاندا گوتیشی، "پێشوازی لە ئاگربەستە کاتییەکان دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و بەردەوام بن لە گفتوگۆ". جەختی لەوەش کردەوە، "بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش."
سێشەممەی رابردوو، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب. هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی ئەو گەڕەکانەش کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، رووبەڕوویان بوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێی و روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 140 بۆ 180 هەزار کەس ئاوارە بوون و نزیکەی 30 کەس، لەنێویاندا خەڵکی سڤیل، کوژراون و دەیان کەس بریندار بوون.
هێزە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سڤیلەکان دەکەن.