گەنجێکی دیکەی کورد لە کەناراوەکانی سووریا کوژرا؛ 'تاقانە و تازە زاوا بووە'
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کوردی عەلەوی کە خەڵكی عەفرینە، لە کەناراوەکانی سووریا کوژرا. بنەماڵەی گەنجەکە دەڵێن، کوڕەکەیان لە ناوچەی جبلە کوژراوە.
رۆژی 6ی ئەم مانگە لە شارە کەناراوییەکانی سووریا، کە زۆربەی دانیشتووانی عەلەوین، شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان بەشێک لە پاشماوەکانی ئەسەد و هێزەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا دروستبوو. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا، لە چەند ناوچەیەک خەڵکی سڤیلیان بە کۆمەڵ کوشتووە.
ئەو گەنجە کوردە عەلەوییە ناوی جەعفەر ئیبراهیم جەعفەر مستەفایە، لەدایکبووی ساڵی 1993ی ناوچەی ماباتای عەفرینە.
جەعفەر ئیبراهیم، گەنجێکی کوردە و لەگەڵ دایک و دوو خوشکی لە جەبلە دەژیان، لەم شەڕەی دواییدا لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا کوژرا: تاقانە بوو pic.twitter.com/hdKgLE4aDt
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 10, 2025
بنەماڵەی جەعفەر دەڵێن، پێش چەند ساڵێک لەبەر کاری باوکی جەعفەر چوونەتە جەبلە. باوکی جەعفەر بەڕێوەبەری کەشناسیی جەبلە بووە. جەعفەر لەگەڵ دوو خوشکی ماوەی چەند ساڵە لەو ناوچەیە دەژین، پێش چەند رۆژێک چەند چەکدارێک چوونەتە ناوچەکە و جەعفەر، دوو گەنجی دیکە و سێ کەسی بەتەمەنیان رفاندوون، دواتر سێ بەتەمەنەکەیان ئازاد کردووە، بەڵام سێ گەنجەکەیان کوشتووە.
ئەمە دووەم هاووڵاتیی کوردە لە شەڕی چەند رۆژی رابردووی نێوان پاشماوەکانی ئەسەد و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەکوژرێن، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 07-03-2025 شیندا عادل کە خوێندکارێکی بەشی پزیشکیی زانکۆی لازقییە بوو، کوژرا.
جەعفەر کە دووەم کوردە لەو تووندوتیژییانەدا گیان لەدەستدەدات، تاکە کوڕی باوکی و دەستگیراندار بووە، وەکو خێزانەکەی بە رووداویان راگەیاند، ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری دەکرد.