وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی سووریا قسەیان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە لایەنەکانی سووریا دەکات رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن، جەختیش لە بەردەوامبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکاتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی سووریا کردووە. 
 
هەردوو وەزیر گفتوگۆیان لەبارەی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات کرد لە سووریا و جەختیان لە جێبەجێکردنی مادەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەتەوە. 
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بلینکن جەختیکردووەتەوە لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا، پاراستنی خەڵکی سڤیل و پاراستنی ژێرخانی مەدەنی لە سووریا. 
 
بەگوێرەی وەزارەتەکەی ئەمریکا، بلینکن داوا لە لایەنەکانی سووریا دەکات رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن.