دڵگەش عیسا: 118 بریندار هەن و تاوەکو رادەیەک پێویستیی تەندروستی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە رۆژاڤای کوردستان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11-1-2026 بەشداریی لە بووڵتەنی تۆری میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: "ژمارەی ئەو بریندارانەی گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەکانی تەبقا، رەققە و حەسەکە، 118 بریندارن. لە نێویاندا 30 سڤیل هەن و ئەوانی دیکەش کارمەندی ئاسایشن".
لەبارەی دۆخی برینداران و پرۆسەی چارەسەرکردنیان، دڵگەش عیسا گوتی: "پێویستیی تەندروستی تاوەکو رادەیەک باشە و هەیە. بەڵام بەشێک لەوانەی ئاوارە بوون، پێویستییان بە گەرمکەرەوە، پێخەف و کەلوپەلی دیکەیە".
هاوکات رایگەیاند، مانگی سووری کوردی بەردەوام لە گەڕان و پشکنینە بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی برینداری دیکە هەن یان نا. "زۆر لە هاونیشتمانییان پەیوەندییان بە مانگی سووری کوردییەوە کردووە و داوایانکردووە سۆراخی منداڵەکانیان بکەن."
ئەمە لەکاتێکدایە دوو کارمەندی مانگی سووری کوردیش بێسەروشوێنن و بەدوایاندا دەگەڕێن. دڵگەش عیسا گوتی: "دوو رۆژ لەمەوبەر لە شێخ مەقسوود پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا پچڕا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون، ئەوان لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە گیراون".
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان لەرێی تۆری میدیایی رووداوەوە رایگەیاند، خەڵکی لێقەوماو و ئاوارەبووی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە دۆخێکی خراپدان و پێویستییان بە هاوکاری و کۆمەکە.
لەبارەی ئەوەی خەڵکی خێرخواز دەتوانن چیان بۆ بنێرێن، دڵگەش عیسا گوتی: "پێویستییەکان سەرەتا شیری منداڵان، ئینجا پێویستیی ژنان. پێویستییە تەندروستییەکان، خواردن، سووتەمەنی، سۆبا، پێخەف، دەرمان بۆ منداڵان و زۆر پێویستیی دیکە".
بەگوێرەی راپۆرتی مانگی سووری کوردی، ئێستا 37 ماڵبات لە تەبقا لە کەمپی ئازادی و کەمپی تێکۆشین نیشتەجێن. هەروەها لە رەققە 10 ماڵبات روویان لە ماڵی کەس و کاری خۆیان لە شوێنە جیاوازەکان کردووە. بەشێکیان روویان کردە حەسەکە.
لە شەڕ و پێکدادانە تووندەکانی نێوان هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر لە هەردوو گەڕەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب، لانیکەم 23 سەربازی سوپا کوژراون.
رۆژی 06-01-2026 هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و دوای پێنج رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە هەردوو گەڕەکەکەیان داگیر کرد.