قەدەخەکردنی هەڵدانی ئاڵای کوردستان گەیشتە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان


رووداو دیجیتاڵ

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند کە ئەوان دژی بڕیاری حکومەتی تاڵیبانن لە قەدەخەکردنی کارکردنی ژنان لە ئەفغانستان و کارمەندانی ژن لە رێکخراوەکانیش دا، بەڵام لە هەمانکاتدا کاری خۆیان لە ئەفغانستان راناگرن، چونکە خەڵكی ئەفغانستان "زۆرترین پێویستییان هەیە".
 
رۆژی 8ی ئەم مانگە لە دیمەشق لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی رووخاندنی رژێمی ئەسەد لە سووریا، رێگری لە ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد کرا کە ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە. نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی کردە پرسیار لە نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی فەرحان حەق:
 
نامۆ عەبدوڵڵا: سوپاس، فەرحان، دوو پرسیارم هەیە. یەکەمیان سەبارەت بە ئەفغانستانە. ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوترا کە قەدەخەی تاڵیبان لەسەر کارکردنی ژنان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رێگرە لە گەیشتنی یارمەتیی ژیان-پارێز بە ژنان و کچان لە وڵاتەکە. تۆم فلێچەر ئەم سنووردارکردنانەی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد، بەڵام بەکردار، "قبووڵنەکراو" واتای چی دەگەیێنێت؟ نەتەوە یەکگرتووەکان یان سکرتێری گشتی ئامادەن چی بکەن؟ سوپاس.
 
فەرحان حەق: ئەمەمان خستە بەر سەرنجی ئەنجوومەنی ئاسایش. دەمانەوێت دڵنیابین هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم دابینکردنی یارمەتی بۆ ئەوانەی لە ئەفغانستان پێویستیان پێیەتی دروست نابێت. وەک دەزانن، جۆزێف گادۆن و تۆم فلێچەر دژی سنووردارکردنەکان لەسەر کارمەندانی ژن قسەیان کرد و ئەمە کارێکی دیکەیە ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین پاڵپشتی بکات.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: باشتر نییە راگرتنی کارەکانتان لە ئەفغانستان رابگەیێنن یان بیگوازنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە؟
 
فەرحان حەق: پێویستییەکی زۆر لە ئەفغانستان هەیە، بۆیە دەبێت دڵنیابین کە هەر کارێک دەکەین، خەمی ئەو خەڵکانە بخۆین کە زۆرترین پێویستییان هەیە. بۆیە وەڵامەکانمان بە وردی دەداڕێژین تاوەکو دڵنیابین، لە لایەکەوە، کارە قبووڵنەکراوەکانی دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆییەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەڵام بدرێنەوە. لە لایەکی دیکەوە، یارمەتی شایستە بگاتە ئەوانەی کە پێویستیانە.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: دوا پرسیارم لەسەر سووریایە. ئەمڕۆ لە میدیادا بڵاوبووەوە کە دانیشتووانی کورد لە دیمەشق رێگرییان لێکراوە ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی رووخانی رژێمی ئەسەد. پەیامی نەتەوە یەکگرتووەکان
بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا لەسەر ئەمە چییە؟ سوپاس.
 
فەرحان حەق: تەنیا پەیامی راستەقینەی ئێمە ئەوەیە کە باوەڕمان وایە هەموو پێکهاتەکان مافی خۆپێشاندانیان هەیە، لە نێویشیاندا ئاهەنگگێڕان بەوشێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانن. بێگومان، سەبارەت بە یەکەم ساڵیادی رووخانی رژێمی ئەسەد، ئەو بەیاننامەیەتان بینی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاومانکردەوە.