کەسایەتییەکی دروزی سوەیدا: ئەمریکا و وڵاتانی گەرەنتیکار پابەندی بەڵێنەکانیان نین

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە کەسایەتییەکانی دروزی سوەیدا راگەیاند، هیچ نوێنەرێکیان بەشداری لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئوردن ناکات. دەشڵێت، وڵاتانی گەرەنتیکار بۆ دۆخی سوەیدا، لەوانەش ئەمریکا، پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.
 
کۆبوونەوەکە دووەم کۆبوونەوەیە، بڕیارە بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن بەڕێوەبچێت؛ تێیدا باس لە دۆخی باشووری سووریا بە گشتی و دۆخی سوەیدا بەتایبەتی دەکرێت.
 
شێخ فەهد حەیدەر، یەکێک لە کەسایەتییەکانی دروز لە سوەیدا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخزێر پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئێمە کە باس لە کۆبوونەوەی ئوردن دەکەین، ماوەی زیاتر لە مانگێکە سوەیدا گەمارۆیەکی خنکێنەری لەسەرە، تاوەکو ئەو گەمارۆیە هەڵنەگیرێت، باوەڕناکەم هیچ نوێنەرێکمان بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا بکات". گوتیشی، "ئەم گەمارۆیە لەلایەن دەسەڵاتی راگوزەر لەسەر سوەیدا دانراوە، رێگە بە تێپەڕبوونی هاوکاریی پزیشکی و خواردن نادەن، تەنانەت رێگە بە تێپەڕبوونی دەرمانی شێرپەنجەش نادەن."
 
ئەو کەسایەتییە دروزییە، رەخنە لە وڵاتانی گەرەنتیکار، لەنێویاندا ئەمریکا دەگرێت، کە پابەندی بەڵێنەکانیان بۆ سوەیدا نەبوون و داوا دەکات، ئەو وڵاتانە گوشارەکانیان زیاد بکەن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر سوەیدا، "ئەم کۆبوونەوەیە (کۆبوونەوەی ئوردن) بۆ ئێمە گرنگە، لە کاتێکدا خەڵکی ئێمە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، ئێمە تائێستا چاوەڕێی بڕیاری وڵاتانی گەرەنتکارین و پێویستە ئەوان کێشەکە چارەسەر بکەن و یەکەم کاریش کە پێویستە بیکەن هەڵگرتنی گەمارۆیە لەسەر شاری سوەیدا."
 
رۆژی 13ی تەممووزی 2025 بەهۆی رفاندن و ئەشکەنجەدانی بازرگانێکی دروز لەسەر رێگەی دیمەشق – سوەیدا، شەڕ لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و دروزەکان دروستبوو، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1400 کەس کوژران و نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
 
شێخ فەهد حەیدەر ئاماژە بە زیانەکانی شەڕەکە دەکات و دەڵێت، "زیاتر لە 30 گوندی سوەیدا بە تەواوی سووتێندراون، تاڵانکراون و چەکدارانی تیرۆرست ئێستا لەنێویاندان، پێویستە ئەو چەکدارانە لە ماوەی 24 کاژێر لە گوندەکانمان بکشێنەوە. پێویستە لەسەر وڵاتانی گەرەنتکار، لە سەرەوەیان ئەمریکا، کە کاری پاراستنی پێکهاتەکانی پێسپێردراوە، کێشەی سوەیدا چارەسەر بکات و چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەین، بە داخەوە تائێستا هیچمان نەبینوە، ئێمە سەر بە شێخ حکمەت هیجرین، بە تەواوی پابەندی ئاگربەستین."
 
ئەو کەسایەتییە دروزەی سوەیدا هەروەها گوتی، "چەکدارەکان بەردەوام ئاگربەست دەشکێنن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار خێزان زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی گەرەنتکار دەکەین، کار بۆ گەڕاندنەوەی گوندەکانمان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیان بکەن، هەروەها بۆ کردنەوەی رێگەی سوەیدا – دیمەشق و هەڵگرتنی گەمارۆ بکەن."
 
رۆژی 10-08-2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا تووندوتیژییەکانی سوەیدای سەرکۆنەکردن و داوای لێکوڵینەوەیەکی بەپەلەی لە رووداوەکانی ئەو پارێزگایە کرد، رۆژی 16 تەمووزی 2025 حکومەتی سووریا رایگەیاند، ئەوان لیژنەیەکیان بۆ لێکوڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی لێکوڵینەوەکان ئاشکرا نەکراوە.
 
فەهد حەیدەر ئاماژە بە کوشتنی پزیشکەکەی نەخۆشخانەی سوەیدا دەکات، کە لە ڤیدیۆیەکدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە گوللـەباران دەکرێت و دەڵێت، "پزیشکەکە کەسێکی خۆبەخش بوو.. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان هێزەکانی کە بەناو ئاسایش یان وەزارەتی بەرگری چۆن دێنە نێو نەخۆشخانەکان و بێڕێزی بە پزیشکەکان دەکەن و لێیان دەدەن، بۆیە من پێموانییە حکومەت بتوانن شەفاف و راستگۆ بێت لە لێکوڵینەوەکان، چونکە بکوژ لێکوڵینەوە لە تاوانەکەی دەکات."