وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ رووداو: هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ گەڕەکێکی حەلەب

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە گوایە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکانی حەلەب؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنی 10ی ئادار پێشێل دەکات و هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی سوپا. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ هێرشێک لەلایەن هێزەکانمانەوە نەکراوەتە سەر هیچ گەڕەکێکی حەلەب" و جەختی کردەوە کە "هەواڵی هێرشکردنە سەر هەر گەڕەکێکی حەلەبیش دوورە لە راستییەوە."
 
وەزارەتەکە هەسەدە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "هەسەدە چەندین هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی سوپا و بە چەکی جۆراوجۆر هێزەکانمانی کردووەتە ئامانج؛" هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "دواترین هەوڵی هەسەدە دزەکردن بوو بۆ خاڵەکانی سوپا لە رۆژهەڵاتی حەلەب کە بووە هۆی دروستبوونی پێکدادانی تووند."
 
لە 10ی ئاداری ئەم ساڵدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا واژۆ کرد، بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە.
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە چەند ناوچەیەک جووڵەی دنەدەرانە و گوماناوی دەکەن؛ هۆشداریشی دا کە "ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە".
 
هەسەدە رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق چەند رۆژێکە دنەی هێزەکانیان دەدەن، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری.
 
هەسەدە دەڵێت: "ئەو هێزانە بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست"، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانیان "پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و وەڵامی ئەو دنەدانە بەردەوامانەیان نەداوەتەوە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە."
 
سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرووپەکانی سەر بە حکومەت لەوێش کۆبوونەتەوە و پشکنینیان چڕکردووەتەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەردەوام بە ئاسمانی هەردوو گەڕەکەکە دەسووڕێنەوە کە ئەوەی بە "دنەدانێکی ئاشکرا" ناوی بردووە.
 
هەسەدە پێیوایە، ئەم هەوڵانە بە پێشێلکاریی ئاگربەست و ناکۆک لەگەڵ گیانی ئەو رێککەوتننامەیە دادەنرێن کە ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە یەکی نیسانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆی کردووە، ئەمەش بووەتە جێی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و وەزارەتی بەرگریی سووریا 
 
رووداو: هیچ هێرشێک کراوەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب؟
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا: دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ هێرشێک لەلایەن هێزەکانمانەوە نەکراوەتە سەر هیچ گەڕەکێک لە شاری حەلەب، جا چ زۆرینەیان کورد بن یان نا. هەموو ئەو هەواڵانەی لەمبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە راستییەوە.
 
رووداو: کێ رێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان ئێوە و هێزەکانی هەسەدە پێشێل دەکات؟
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئەوەی چاودێری رووداوەکانی بەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی هەسەدە بکات، بۆی روون دەبێتەوە کە ئەوان (هەسەدە) رێککەوتنەکە پێشێل دەکەن. چەندین هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی سوپا و بە چەکی جۆراوجۆر کردوونیانەتە ئامانج. دواترینیان هەوڵی دزەکردن بوو بۆ خاڵەکانی جێگیربوونی سوپا لە ناوچەی تەل ماعز لە رۆژهەڵاتی حەلەب. بەهۆی ئەم هەنگاوە ئاڵۆزکەرەوە، پێکدادانی تووند لە ناوچەکە روویدا و بووە هۆی شەهیدبوونی سەربازێکی سوپا.
 
رووداو: ئایا هەسەدە ژمارەی هێزەکانی زیاد کردووە؟
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا:  یەکەکانی هەواڵگری لە سوپای عەرەبی سووریا بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی جموجووڵ و کۆکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکەن لەسەر هەموو بەرەکان. ئەمەش جەخت لە سووربوونیان دەکاتەوە لەسەر پەرەپێدانی سەربازی و پابەندنەبوون بە رێککەوتنی 10ی ئادار.
 
رووداو: ئایا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێوە و هەسەدەدا هەیە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە؟
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە، کە ئامانجیان راگرتنی گشتگیریی ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزە کاریگەرەکانە لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی مافی هەموو سوورییەکانە لە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ شارەکانیان و رەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی دابەشکارییە. کارکردن لەم چوارچێوەیەدا بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پەیوەندی و پایەیەکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ سووریا دادەنرێت.