سەرۆکی ئەنەکەسە: لە ماوەی هەفتەیەکدا شاندی هاوبەشی کوردی بۆ دیمەشق پێکدێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) ئاشکرای کرد، لە ماوەی هەفتەیەکدا لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان شاندی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق پێکدەهێنن و دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چەکدانانی پەکەکە کاریگەریی گەورە لەسەر رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە لەمیانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاشکرای کرد کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم دروستکردنی شاندی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا نەماوە، "بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشمان ناوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو شاندە پێکدێت، کاتەکە ئێستا گونجاوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا تاوەکو 10 رۆژ شاندەکە پێکدەهێنین، تێگەیشتنێکی باشمان لەسەر شاندەکە و ئەندامانی هەیە، هیچ کێشەیەک لەم رووەوە نابێت، تەنیا هەندێک شتی تەکنیکی و واژۆکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ چوون بۆ دیمەشق ماوە."
رۆژی شەممە 26ی نیسانی 2025 لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد" لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاردرا کە شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا پێکبهێنرێت.
لەبارەی پێکهاتەی شاندەکەوە محەممەد ئیسماعیل دەڵێت، "تێڕوانینی جیاواز هەیە لەبارەی ژمارەی ئەندامانی شاندەکە، هەندێ لایەن پێیان باشە 9 بۆ 10 کەس و هەندێک لایەنی دیکە 7 کەسیان پێباشە، بەڵام ئەوە کێشەیەکی گەورە نییە، هەروەها شاندەکە بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان دەبێت و چەند لیژنەیەکی پشتیوانیش لە کەسانی پسپۆڕ پێکدێن بۆ راوێژکردن لە کاتی پێویست."
محەممەد ئیسماعیل، کە هاوکات سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد - سووریایە، بەدووری دەبینێت حکومەتی سووریا دژی کورد بێت و دەڵێت، "تائێستا ئەو تێڕوانینە لای ئێمە دروست نەبووە، کە حکومەتی نوێی دیمەشق دژی گەلی کورد بێت، هەندێک تێبینی خۆیان لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە لەبارەی لایەنی تەکنیکی و سەربازی و ئیداری هەیانبووە و داوە، بەڵام تێڕوانینێکی خراپیان لەسەر کێشە و یەکگرتوویی کورد نەبووە، ئێمەش دەستمان بۆ دانوستان درێژکردووە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی سووریا و بەتایبەت کێشەی کورد، ئێمە وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆمان رانەگەیاندووە و پارێزگاریمان لە خاک و گەلی سووریا کردووە."
رۆژێک دوای کۆنفرانسی یەكڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی، حکومەتی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆنفرانسەکە پێچەوانەی رێککەوتنیانە لەگەڵ هەسەدە و هەوڵێکە بۆ پارچەکردنی سووریا.
سەرۆکی ئەنەکەسە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بە گەڕانەوەی کادیرانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت و دەڵێت،" پرۆسەی ئاشتی کە لە کورستانی تورکیا دەستیپێکردووە، کاریگەری خۆی لەسەر هەموو گەلی کورد و بزووتنەوەی سیاسی کوردی هەیە، بەتایبەت کە پەکەکە رۆڵ و کاریگەری هەبووە، ئەمڕۆ کە چەک دابنێت و بە دیالۆگ دانوستاندن بکات، لە بەرژوەندی گەلی کوردستانی تورکیا دایە بە پلە یەک و کاریگەری بەسەر پارچەکانی دیکە بە تایبەت کوردستانی رۆژئاوای دەبێت، بەهۆی ئەو کادرانەی پەکەکە کە لێرەن و کاتێک لێبوردنی گشتی بیانگرێتەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە و چارەسەرێکی سیاسی لێرەش دروست بێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی کوردی کوردستانی سووریادایە."
رۆژی 12/5/2025 پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند، کە ئەوان لەسەر داواکاری ئۆجەلان بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، ئیتر هیچ چالاکییەک بەناوی پەکەکەوە ناکرێت.
لەبارەی دانانی حاتم ئەبو شەقرا، فەرماندەی گرووپی چەکداری ناسراو بە (ئەحرار شەرقیە)، وەکو بەرپرسی سەربازی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، محەممەد ئیسماعیل رەتیدەکاتەوە، کە کێشەی کەسایەتی بێت و گوتی، "ئێمە وەکو بزوتنەوەی سیاسی کوردی لە دژی کەس و لایەنێک نین، داواکاری گەلەکەمان بۆ ئێمە گرنگە، گرنگە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بخرێنە نێو دەستووری سووریادا، لە دوارۆژدا پرسی کەس و ناکۆکییەکان چارەسەردەکرێن، ئێمە پرسە بچووکەکان ناهێنینە پێش، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە سووریایەکی ناناوەندی و فرەحزبی و فرە ئایینییە، کە شوێنی هەر کەسێکی تێدا بێت، بەتایبەت جێگەی گەلی کورد."
وەزارەتی بەرگریی سووریا، رۆژی دووشەممەی 5/5/2025 ، فەرماندەی گرووپی چەکداری ناسراو بە (ئەحرار شەرقیە)ـی راسپارد، کە ببێتە فەرماندەی فیرقەی 86 لە پارێزگاکانی دێرەزوور، رەققە و حەسەکە، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش ناڕازایەتی چەند لایەنێکی رۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە.
سەرۆکی ئەنەکەسە هەروەها گوتی، "ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان بە تەنیا نین، هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار و کاریگەر لە سووریا پشتگیری لە مافەکانمان دەکەن، ئەگەر ئێمە دەستی دیالۆگ و هاوکاری درێژ بکەین و پارێزگاری لە یەکگرتوویی گەلی سووریا بکەین، رووسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبی وەکو سعوودیە و ئوردن و میسر و ئیمارات لە دژی هەڵوێست و چارەسەرکردنی پرسی کوردن نابن، ئێستا رێگە بۆ ئێمە کراوەیە و دەرفەتێکی زێرین هەیە، کە نوێنەرایەتی گەلەکەمان بکەین بێ هیچ ناکۆکییەک."