هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی: داواکاری سەرەکیمان ئەوەیە زمانی کوردی لە سووریا ببێتە فەرمی
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) بە رووداوی راگەیاند کە تێکۆشانی سەرەکییان ئەوەیە زمانی کوردی لە سەرتاسەری سووریا ببێتە زمانێکی فەرمی.
ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) ئاماژەی بەوە کرد، کە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی شام لەسەر سێ خاڵی سەرەکی بەردەوامە: ناساندنی فەرمی بڕوانامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی خوێندنی هاوبەش بە زمانی کوردی و دامەزراندنی ئەکادیمیای زمانی کوردی.
ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە پێشکێشکار نالین حەسەن لەگەڵی کردووە، ئاماژەی بە پێشکەوتنە گەورەکانی پەروەردە بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "نەوەیەکی خاوەن کەسایەتی و متمانەبەخۆ گەورە بووە." رایگەیاند کە بەهۆی پەروەردەوە، زمانی کوردی پاکتر بووەتەوە و خوێندن بە زمانی دایک کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەهێزبوونی کەسایەتیی کورد هەبووە.
سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ شام، ڤیان حەسەن گوتی: "لەسەر هەندێک خاڵ رێککەوتن هەیە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە." جەختی کردەوە کە تا زمانی کوردی نەبێتە زمانی فەرمی و مافی پەروەردە دەستەبەر نەکرێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشانی خۆیان.
رووداو: خوێندن بە زمانی کوردی چ جۆرە زیندووبوونەوەیەکی بۆ زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دروست کردووە؟
ڤیان حەسەن: کاتێک بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا باس بکەین، گۆڕانکارییەکی گەورە و بەرچاو لە بواری پەروەردەدا بە خوێندن بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان روویداوە. لە هەمان ئەو قوتابخانانەی کە لە کاتی ئێمەدا قەدەغە بوو تەنانەت تەنیا وشەیەکیش بە کوردی بدوێین، ئێستا بە گشتی پەروەردە بە کوردییە. لە قوتابخانە سەرەتایییەکانەوە بگرە تا زانکۆکان، ئەمڕۆ پەروەردە بە کوردییە. هەزاران مامۆستای کورد لە بوارە جیاوازەکاندا دەرچوون و مامۆستایەتیی زمانی کوردی دەکەن. سەدان هەزار قوتابی لەم قوتابخانانە خوێندوویانە و ئێستا لە زانکۆ کوردییەکان دەردەچن. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە بواری پەروەردەدا و بە راستی بەهۆی پەروەردەی زمانی دایکەوە ئەم گۆڕانکارییە روویداوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ڤیان حەسەن
رووداو: زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دوای ئەم هەموو ساڵە لە خوێندن، تا چەند روون و پاک بووەتەوە؟ ئایا وشە عەرەبییەکان تێیدا کەم بوونەتەوە؟
ڤیان حەسەن: بەڵێ، ئێستا کاریگەریی پەروەردە دیارە. واتا ئەمڕۆ ئەگەر سەیری کورمانجیی منداڵەکانمان بکەین، ئەو کورمانجییەی رۆژانە کە لە ماڵ و کۆڵان پێی دەدوێن، لە کورمانجیی ئێمە و دایک و باوکیان رەوانترە. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە بە کوردی خوێندوویانە.
رووداو: ئایا ئەم منداڵانە کاریگەرییان لەسەر نەوەکانی دیکە هەبووە، کە زمانیان رەوانتر و پاکتر ببێت؟
ڤیان حەسەن: بێگومان، ئێستا لە ناوەندەکانی پەروەردەی ئێمەدا خێزانەکان دێن و دەخوێنن، چونکە منداڵەکان لە قوتابخانە دەخوێنن، دایک و باوکان و زیاتر فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دێن و دەخوێنن. زۆریان دەڵێن: "منداڵەکانمان لە ماڵەوە وانەمان پێ دەڵێنەوە بۆ ئەوەی بتوانین بخوێنین، یان یارمەتیمان دەدەن لە ئامادەکردنی ئەرکەکانماندا." هەندێک دایک بە گاڵتەوە دەڵێن: "ناچارم نمرەی باش بهێنم لەبەر منداڵەکەم." واتا ئەوانەی جاران پێیان دەگوترا "دەبێت بخوێنن و نمرەی باش بهێنن"، ئێستا بوونەتە مامۆستای ئەوان. بە راستی کاریگەری هەبووە و رۆژ بە رۆژ دەبینین زمانی کوردی زیاتر بڵاو دەبێتەوە.
رووداو: ئەمە بۆ خودی زمانەکەیە، بەڵام خوێندن بە زمانی دایک تا چ ئاستێک کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی کەسایەتیی مرۆڤی کورد هەبووە لە رۆژئاوای کوردستان؟
ڤیان حەسەن: بەڵێ، کاتێک قوتابیان بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن، لە رووی کەسایەتیشەوە بێگومان لە نەوەی پێش خۆیان بەهێزتر دەبن کە بە زمانێکی دیکە دەیانخوێند. بۆ نموونە، کاتێک ئێمە دەچووینە قوتابخانە، مامۆستا پێی دەگوتین "تفاح"، نەماندەزانی چییە، بەڵام ئێستا مامۆستا بە منداڵ دەڵێت "سێو". کاتێک مرۆڤ بە زمانی خۆی نەخوێنێت، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتایی، کاریگەریی نەرێنی لەسەری دەبێت. ئێستا پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان قوتابی و مامۆستادا هەیە. نەوەیەکی متمانەبەخۆ دروست بووە، کە زۆر بە ئاسانی وەڵامی مامۆستا دەدەنەوە. ئەوانەی لە زانکۆکانی رۆژئاوا و کۆبانی دەردەچن، لێهاتووترن و خاوەن ئیرادەیەکی زیاترن. ئەوەی ئێستا دەیبینین، بە ڕاستی کاریگەریی راستەوخۆی پەروەردەی زمانی دایکە لەسەر کەسایەتیی قوتابیان.
رووداو: ئێوە وەک دامەزراوە چۆن دەڕواننە ئەم کەمپەینەی رووداو؟
ڤیان حەسەن: زۆر پیرۆزە، سوپاسی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەین. ئێمەش پێشتر کەمپەینێکمان راگەیاندبوو، کەمپەینەکەی ئێوەمان وەک پاڵپشتییەک بۆ کەمپەینەکەی خۆمان بینی. میدیا دەتوانێت دەنگی ئێمە بگەیەنێتە هەموو کوردستان و جیهان. کاتێک دەبینین میدیا و کۆمەڵگاکەمان پاڵپشتیمان دەکەن، بەهێزتر دەبین و دەتوانین بە دەنگێکی بەرزتر داوای مافەکانمان بکەین.
رووداو: بێینە سەر دۆسیەی پڕۆگرامی خوێندن و داهاتووی پەروەردە بە زمانی کوردی. حکومەتی سووریا هەوڵ دەدات زمانی کوردی وەک زمانێکی خوێندن و پەروەردە نەمێنێتەوە. ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بێت؟
ڤیان حەسەن: داواکاریی ئێمە هەم لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە دانوستاندن دەکەن و هەم لە حکومەتیش ئەوەیە کە زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانێکی فەرمی. جیاوازی هەیە لەنێوان زمانی نیشتمانی و زمانی فەرمی. کاتێک بووە زمانی فەرمی، ئیتر مافی پەروەردە بە زمانی دایک دەبێتە مافێکی سەرەکی و بەدەست دێت. هەموو کارە فەرمییەکان بە کوردی دەکرێن. تەواوی تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەوەیە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی بۆ ئەوەی ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆمەڵگا نەمێنن.
رووداو: من ئاگاداری کارەکانتانم لە بواری زماندا بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن (مەنھەج). ئەو پڕۆگرامانە لێرە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە ئامادە دەکرێن نەک بەغدا. لە رۆژئاوای کوردستان چۆن دەکرێت تایبەتمەندیی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە پڕۆگرامی خوێندندا بپارێزرێت؟
ڤیان حەسەن: لە رۆژئاوای کوردستان دامەزراوەیەکی تایبەت هەیە بە ناوی "دامەزراوەی ئامادەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن" کە کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی تێیدا کار دەکەن. ئێمە وەک دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) لە رووی زمانەوانییەوە یارمەتییان دەدەین. ئێمە دژی ئەوە نین پڕۆگرامێکی خوێندنی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ هەموو سووریا هەبێت، بە مەرجێک ئەو پڕۆگرامە بە زمانی کوردیش ئامادە بکرێت و تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان بپارێزرێت، بەتایبەت لە بوارەکانی زمان، مێژوو و جوگرافیا.
رووداو: لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ شام لەسەر پەروەردە کۆبوونەتەوە. ئایا ئێوە بەشداری ئەو کۆبوونەوانەتان کردووە؟ ئەگەر بەشدار بوون، رۆڵی ئێوە چییە؟
ڤیان حەسەن: بەڵێ، بەشدار بووین. ئێمە بۆ ئەوە بەشدار بووین کە یارمەتیدەر بین لە ئامادەکردنی رێگاکانی پەروەردە و هەروەها بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای زمانی کوردی لە سووریا وەک ئەکادیمیایەکی گشتیی سووری. چۆن کۆمەڵەی زمانی عەرەبی لە شام هەیە، دەبێت ئەکادیمیای زمانی کوردیش هەبێت کە سەرچاوەی زمانەوانی بێت بۆ هەموو سووریا.
رووداو: ئایا لەسەر کردنەوەی ئەکادیمیای زمانی کوردی رێککەوتوون؟
ڤیان حەسەن: ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆی لەسەر کراوە هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت هەموو ئەو بڕوانامانەی لە رۆژئاوای کوردستان دەرچوون لەلایەن شامەوە بە فەرمی بناسرێن. خاڵی دووەم ئەوەیە کە پڕۆگرامی خوێندنی سووریا دەبێت بە کوردی ئامادە بکرێت و لیژنەی هاوبەش بۆ ئەم کارە پێکبهێنرێت. لەسەر ئەکادیمیای زمانی کوردیش پێشنیازەکانمان گفتوگۆیان لەسەر کراوە، بەڵام کۆبوونەوەی تایبەت بۆ ئەوە ماوە. دانوستاندنەکان بەردەوامن و هێشتا نەگەیشتووینەتە بڕیاری کۆتایی، بەڵام کارەکان بەردەوامن.