سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی چەند شوێنێکی سووریای بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، شەوی دووشەممە چەند شوێنێکیان لە سووریا بۆردوومان کردووە، کە بە گوتەی خۆیان شوێنی کۆبوونەوەی ئەو فەرماندانەی داعش بووە کە دەستیان لە هێرشەکەی کرمان و راسکدا هەبووە.
سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوەی هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سەر شاری هەولێری لە ئەستۆگرت. لە هەمانکاتدا رایگەیاند کە بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر چەند شوێنێک لە سووریا.
بەرەبەیانی سێشەممە، 16-01-2024 سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سوپای پاسداران لە وەڵامی تاوانەکانی ئەم دواییەی گروپە تیرۆریستییەکان و شەهیدکردنی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانمان لە کرمان و راسک، شوێنی کۆبوونەوەی ئەو فەرماندە و ئەندامانەی دەستیان لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا هەبوو، بەتایبەتی داعش، لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریای دەستنیشانکرد و بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بە ئامانجی گرتن."
سوپای پاسداران لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: "دڵنیایی دەدەینە خەڵکی ئێران، گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران لە هەر شوێنێک بن، دەستمان پێیان رادەگات و بە سزای تاوانەکانیان دەگەیێین. دواتر سەرجەم ئەو شوێنانەی دیکەش بڵاودەکەینەوە کە کراونەتە ئامانج."
ئەو هێرشەی پاسداران باسی دەکات، هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر شاری هەولێر، کە بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
لەدوای ئەوەی شەوی دووشەممە 15-01-2023 چەند دەنگێکی گەورە لە هەولێر و دەوروبەری بیستران، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند، " بە پشتیوانی خودا، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی دوژمنانی ئێران، بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گروپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران درەنگانی ئەمشەو، لە هەندێک شوێنی ناوچەکە، بە مووشەکی دوورهاوێژ کرانە ئامانج."
بە پێی زانیارییەکان سوپای پاسداران مووشەکی بالیستی لە جۆری فاتیح 110 بەکارهێناوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بارەگای هێزێک لەسەر رێگەی هەولێر - کۆیە لە نزیک هەورازە نەفتە کراوەتە ئامانج.