هەسەدە: هێرشی گرووپەکان دەرفەتی بۆ داعش رەخساندووە هێرش بکاتە سەر بەندیخانەکان

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، شانە نووستووەکانی داعش دەیانەوێت ئەو دۆخە ئەمنییەی بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە دروستبووە، بۆ هێرشکردنە سەر بەندیخانەکان دەرفەت وەربگرن. هۆشداریش دەدات لەوەی بەردەوامیی گرژییەکان ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "خاڵی سفر".
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-01-2026، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی ئەمنیی بەندیخانەکان و مەترسییەکانی تێکچوونی سەقامگیری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە سایەی ئەو دۆخە ئەمنییەی کە هێرشی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق و کۆکردنەوەی هێز و هەڕەشە بەردەوامەکانیان دژی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەپاندوویانە، شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەوڵدەدەن ئەم پەرەسەندنە دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو بەندیخانانەی چەکدارەکانیانی تێدایە."
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای بەندیخانەکان، هەسەدە دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "هێزەکانمان لە ئامادەباشی و چاوکراوەیی تەواودان و هەموو رێکارێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ زامنکردنی ئاسایشی بەندیخانەکان و رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی؛ لە ئێستادا دۆخەکە ئارامە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، هەسەدە هۆشداریی دەدات لەوەی بەردەوامیی ئەو دۆخە و پەرەسەندنە سەربازییەکان، "دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی گشتی، ئەمەش مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ئاسایشی ئەو بەندیخانانە دروست دەکات کە چەکدارانی داعشیان تێدایە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هاتووە، تێکچوونی دۆخەکە "هەڕەشەی گەڕانەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر دەکات، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک لە قوربانیدان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر."