مردنی تراژیدیی چوار ئەندامی خانەوادەیەکی کورد لە رەققە
لەکاتێکدا هەزاران کەس رۆژانە خەون بەوەوە دەبینن شاری رەققە جێبێڵن و خۆیان لە ئاگری شەڕ رزگار بکەن، خێزانێکی کوردی چاونەترس، گەڕانەوە بۆ ئەوەی بەدوای تەرمی ئازیزانیاندا بگەڕێن.
خێزانی شێخ وەیس بە ئومێدی هێنانەدەرەوەی تەرمی چوار ئەندامی خێزانەکەیان گەڕانەوە، بەڵام دیمەنێکی تراژیدیتریان بینی لەوەی چاوڕێیان دەکرد، ئەوان تەنیا لەڕێگەی ملوانکەیەکی زێڕەوە توانیان تەرمەکان بناسنەوە، چونکە جەستەیان پارچە پارچە ببوو.
ئەمەل شێخ وەیس، تەمەنی 17 ساڵە و یەکێکە لەو سێ کەسەی خێزانەکە کە گەڕاوەتەوە، دەڵێ "جەستەیان پارچە پارچە ببوو، پارچەی جەستەکانمان دۆزینەوە و، تەنیا بە ملوانکەیەکی زێڕی زەهرای خوشکم زانیمان ئەوانە تەرمی ئەوانن".
ئەوان بەدوای تەرمی چوار ئەندامی خێزانەکەیاندا دەگەڕان: زەهرای کچیان، عەبدوڵڵای کوڕیان و نوور، هاوژینی عەبدوڵڵا کە دووگیان بوو، لەگەڵ منداڵەکەی عەبدوڵڵا کە تەمەنی تەنیا 18 مانگ بوو، توانیان چەند پارچەیەکی جەستەیان بدۆزنەوە، بەڵام تەرمی منداڵە 18 مانگییەکەیان نەدۆزییەوە.
پێش شەڕی سووریا، 20%ـی دانیشتووانی رەققە کورد بوون، کاتێک لە ساڵی 2014ـدا داعش شاری رەققەی کۆنترۆڵکرد، خێزانی شێخ وەیس لەو خێزانە کەمە کوردانە بوون، کە ماڵوحاڵی خۆیان جێنەهێشت و لە رەققە مانەوە.
کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتیی هێزەکانی ئەمریکا دەوری شارەکەیان دا، داعش چەند بەشێکی شارەکەی کردە زۆنی سەربازی، یەکێک لەو شوێنانەش خانووی خانەوادەی شێخ وەیس بوو لە روومەیلا.
بەهۆی ئەم کارەی داعشەوە، خانەوادەکە ناچار بوون ماڵەکەیان جێبێڵن و رووبکەنە نانەواخانەیەک لە دەرعایا، کە لەوێ کاریشیان دەکرد.
جیابوونەوە
لە مانگی 6ـی 2017 خێزانەکە لەیەکدی جیابوونەوە، ئەمەلی 17 ساڵ و دایکی بەرەو شارۆچکەی تەبققە رۆیشتن، کە بەر لە دوو مانگ کۆنترۆڵکرایەوە، برایەکیان چووە تورکیا، بەڵام زەهرە، عەبدووڵا و نوور و منداڵەکەیان بڕیارێکیان دا کە لە کۆتاییدا بووە هۆی کوژرانیان، ئەویش بڕیاری مانەوەبوو لە رەققە.
ئەمەل دەڵێ "داعش، ئەوانی لە نانەواخانەکەدا دەرکردبوو بۆیە ناچارببوون لەگەڵ خاوەنی نانەواخانەکەدا لەنێو کێڵگەکاندا بمێننەوە".
ناخۆشترین هەست
دوای ئەوەی لەگەڵ دایکی لە تەبقە نیشتەجێبوون، ئەمەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە دەنگۆی کوژرانی خوشک و براو براژنەکەی پێگەیشت. براکەی دیکەشی بەهەمان شێوە لە تورکیا هەواڵی پێ گەیشتبوو، بۆیە یەکسەر گەڕابووەوە سووریا.
ئەمەل، دایکی و براکەی لە دوودڵییەکی بێوێنەدا بوون، کاتێک هەفتەی رابردوو لە کەمپێکی ئاوارەکاندا لە عەین عیسا (50 کیلۆمەتر لە باکووری رەققە) کۆبوونەوە.
خراپترین هەواڵیان لە باوکی نوور، ژنی عەبدوڵڵای کوڕیان پێگەیشت، لەکاتێکدا تازە لە دەستی داعش هەڵاتبوو. ئەمەل دەڵێ "خەزووری براکەم رۆژێک چووبوو بزانێت سەلامەتن، کەچی بینیبووی هەموویان کوژراون. بۆیە پێش ئەوەی لەو شارە هەڵبێ، بە پەڕۆ دایپۆشیبوون و شوێنەکەشی دیاری کردبوو تاوەکو دواتر بیاندۆزینەوە".
هێشتا دیار نییە ئەندامانی خانەوادەکەی ئەمەل بەچی کوژراون، هەندێک لەو کەسانەی تازە لە رەققە هەڵدێن دەڵێن ئەوان لەکاتێکدا ئامادەکاریان دەکرد بۆ ئەوەی هەڵبێن، کوژران، بەڵام هەندێکی دیکەیان تەنیا داعش بە هۆکاری کوژرانیان دەزانن.